رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا نزیکەی 200 سەربازی هێزی مارێنزی رەوانەی ویلایەتی فلۆریدا کرد بۆ ئەوەی پشتیوانیی کارگێڕی و لۆجستی پێشکەش بەو هەڵمەتانە بکەن، کە بۆ جێبەجێکردنی یاسای کۆچ لەو ویلایەتەی باشووری رۆژهەڵاتی وڵات بەڕێوەدەچن.
ئەمە یەکەم قۆناخی جێگیرکردنی ئەو هێزانەیە کە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا داوای کردبوون بۆ یارمەتیدانی ئاژانسی کۆچ و گومرگ (ICE) لە ئاسانکاری بۆ رێکارە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ، دژی کۆچبەران.
بەرپرسان رایانگەیاند، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رەزامەندیی لەسەر جوڵەپێکردنی تاوەکو 700 سەرباز داوە و بڕیارە لە داهاتووشدا هێزی زیاتر رەوانەی ویلایەتەکانی لویزیانا و تێکساس لە باشووری ئەمریکا بکرێن.
فەرماندەیی باکووری ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆڵی ئەو سەربازانە تەنیا "کاروباری کارگێڕی و لۆجستی دەبێت و قەدەخەیە پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ کەسانی دەستبەسەرکراو لەلایەن ICE هەبێت یان بەشداری لە هیچ بەشێکی زنجیرەی دەستبەسەرکردندا بکەن."
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ترەمپ سەردانی بنکەیەکی نوێی راگرتنی کۆچبەرانی لە فلۆریدا کرد، کە ناوی "ئالیگەیتەر ئەلکەتراز"ـە و توانای لەخۆگرتنی تاوەکو هەزار کەسی هەیە.
جێگیرکردنی ئەم هێزە مانگێک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ 4 هەزار ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی و 700 سەربازی مارێنزی رەوانەی لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا کرد، وەک وەڵامێک بۆ ئەو خۆپێشاندانانەی دژی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی کۆچبەران لەلایەن ICE کران.
بەرپرسانی کالیفۆرنیا رەخنەی تووندیان لە ترەمپ گرت لەسەر بەکارهێنانی سوپا و رایانگەیاند، ئەم هەنگاوە ئەو خۆپێشاندانانەی ئاڵۆزتر کردووە کە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان دەیانتوانی کۆنترۆڵی بکەن.
بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێیوابوو جێگیرکردنی هێزەکان پێویست بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی پشێوییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵ و کارمەندە فیدراڵییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ