رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پێشووی یەکەی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی داعش، مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە دادگای ئاسایشی برۆکسل بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، جینۆساید و دەستدرێژیی سێکسی، بەشێوەی غیابی دادگەیی دەکرێت.
تۆمەتەکان پەیوەستن بە رۆڵی ئەو چەکدارە لە بەکۆیلەکردن و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر سێ ژنی کوردی ئێزدی لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014.
سامی دژیدۆ، کە خەڵکی ناوچەی لاکنی بەلجیکایە، ماوەیەکی زۆرە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە بەدوایدا دەگەڕێن.
هەرچەندە بەرپرسانی بەلجیکا پێیانوایە سامی لە ساڵی 2016 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا کوژرابێت، بەڵام تائێستا بەڵگەی یەکلاکەرەوەیان نییە، هەربۆیە بڕیاریان داوە دادگاییەکە بەڕێوەبچێت.
داواکاری گشتیی فیدراڵی بەلجیکا جەختی لە گرنگیی دادگاییەکە کردەوە و رایگەیاند: "ئەمە گرنگە، پێش هەموو شتێک، بۆ داننان بە قوربانیان و ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێزدی کراون."
دۆسیەکە لەسەر بنەمای ئەو شایەتییانە کراوەتەوە، کە لەلایەن رۆژنامەنووسانی بەلجیکی لە رۆژنامەکانی Le Soir و De Morgen کۆکراونەتەوە، کە یارمەتیدەر بوون لە ناسینەوەی دژیدۆ وەک یەکێک لەو ئەندامانەی داعش، کە بەرپرس بووە لە کردنی تاوانی دڕندانە دژی کوردی ئێزدی.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند، کە تائێستاش نزیکەی سێ هەزاریان بێسەروشوێنن.
سامی دژیدۆ، کە یەکێک بوو لە یەکەمین چەکدارە بیانییەکان، بە خێرایی لەنێو ریزەکانی داعشدا پلەی بەرزبووەوە و رۆڵێکی سەرەکیی لە پلاندانانی هێرشەکان بۆ سەر ئەورووپا گێڕاوە.
جگە لە دژیدۆ، لێکۆڵەرانی بەلجیکی لە رۆڵی دوو چەکداری دیکەش دەکۆڵنەوە کە گومانیان لێدەکرێت لە تاوانەکانی دژی ژنانی ئێزدی بەشدار بووبن، ئەوانیش یونس عەباود، برای بچووکی عەبدولحەمید عەباودی پلاندانەری هێرشەکانی پاریس، هەروەها یاسین شێخی، خەڵکی شاری ئانتوێرپن. هەردووکیان وا گومان دەکرێت کوژرابن.
نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵیی بەلجیکا پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوەی دیکە لە دۆسیەی هاوشێوەدا بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ