دانیمارک دوای سووتاندنی قورئان لە وڵاتەکەی سنوورەکانی تووندوتۆڵتر دەکات

04-08-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی دانیمارک دەڵێت، کۆنترۆڵی سنوورەکانی وڵاتەکەی تووندتر دەکات و هۆکارەکەیشی بۆ "زیادبوونی هەڕەشەکان دەگەڕێنێتەوە". 
 
وەزارەتی دادی دانیمارک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە چاومان لەسەر ئەوە بێت کێ دێتە نێو وڵاتەکەمانەوە بۆ ئەوەی وەڵامی هەڕەشە هەنووکەییەکان بدەینەوە." دەشڵێت، بڕیاری تووندترکردنی سنوورەکانی وڵاتەکە لە 10ـی ئابی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت. 
 
ئەو بڕیارەی حکومەتی دانیمارک لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 1ـی ئابی 2023، ئۆڵف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوێد سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تووندوتۆڵ دەکات و گوتی، "هەندێک خەڵك کە پەیوەندییەکی زۆر لاوازیان لەگەڵ سوێد هەیە، نابێت بێنە سوێد و تاوان بکەن."
 
سووتاندنی چەند کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە کۆتایی مانگی شەشەوە لە سوێد و دانیمارک کاردانەوەی بەشێک لە موسوڵمانانی لێکەوتووەتەوە.
 
سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی لە سوێد دەژی، 31-7-2023 بۆ جاری سێیەم لە ماوەی 40 رۆژدا بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کرد و سووکایەتی بە ئاڵای عێراق و ژمارەیەک کەسایەتیش کرد.
 
لە دانیمارکیش، ئەندامانی گروپێکی تووندڕۆ بە ناوی "Danske Patrioter"  [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] سێیەم جارە لەو وڵاتە قورئانی پیرۆز دەسووتێنن. 
 
سووتاندنی قورئانی پیرۆز کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە. رۆژی 31ـی تەممووزی 2023، رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری جەدە لە سعودیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هەر 57 وڵاتە ئەندامەکە دەبێت رێکاری پێویست بەرامبەر سوێد و دانیمارک و ئەو وڵاتانەی کە رێگە بەوجۆرە کارانە دەدەن بگرنە بەر."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە