رووداو دیجیتاڵ
لە فەرەنسا، کەمبوونەوەی ئاو لە زۆنگاوێک بووە هۆی مرداربوونی نزیکەی 5000 باڵندە.
زیاتر لە مانگێکە، راوچی و دانیشتووانی هەرێمی لوار-ئاتلانتیک لە فەرەنسا، هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشییەک دەدەن.
بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە، نەخۆشییەکە لە سەرەتای هاوینەوە بەخێرایی تەشەنەی سەندووە، ئەمەش بووەتە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی گەورە.
لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ئاو، بەکتریایەک لەنێو قوڕ و لیتاوی زۆنگاوەکەدا بڵاوبووەتەوە کە تووشی مراوییەکان دەبێت و لەوانیشەوە بۆ باڵندەکانی دیکە دەگوازرێتەوە. نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە.
خۆبەخشەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی لاشەی مردارەوەبووی باڵندەکان کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە بکەن.
راوچییەکان، رێبەرە گەشتیارییەکان، ماسیگرەکان، بەرپرسان و دانیشتووانی ناوچەکە، لە رۆژی شەممەوە دەستیان بە گەڕان لە نێو زۆنگاوەکە کردووە.
نزیکەی 200 کەس ئامادەی هەڵمەتەکەن. بە گشتی، خۆبەخشەکان توانیویانە 628 لاشەی مردارەوەبووی باڵندە کۆبکەنەوە؛ هەروەها نزیکەی 40 باڵندەی زیندوو کە دۆخیان ناجێگیر بوو، رزگارکران و لەلایەن پزیشکی ڤێتێرنەرییەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت.
خۆبەخشەکان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی پێنج هەزار باڵندە بەهۆی نەخۆشییەکەوە کە پێی دەگوترێت بۆتولیزم لەنێوچووبن، کە بە "مەرگەساتێکی گەورە" ناوی دەبەن و بە تەواوی سیمای زۆنگاوەکەی و دەوروبەری گۆڕیوە.
لەم کاتەی ساڵدا، دەبوو زۆنگاوەکە پڕ بێت لە ژیان و دەنگی باڵندەکان، بەڵام لەبری ئەوە، ناوچەکە بەشێوەیەکی نامۆ بێدەنگە.
هەندێک کەس باس لە "بێدەنگییەکی مەرگئاسا" دەکەن. دانیشتووان و راوچییەکانی ناوچەکە، قەیرانێکی هاوشێوەیان لە ساڵی 1995 بەسەرهاتووە، بەڵام ژمارەیەکیان جەخت لەوە دەکەنەوە قەیرانی ئەو کاتە بەقەدەر ئەم ساڵ سەخت و کاریگەر نەبووە.
راوچییە شارەزاکانی ناوچەکە، کە بێزار و نیگەرانن لەوەی بەسەر زۆنگاوەکەیان هاتووە، دەڵێن ئەم ساڵ ناتوانن لەو ناوچەیەدا راو بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ