کیم جو ئای ئەو کچەی پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگرەوەی سەرۆکی کۆریای باکوور

04-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکەکانی چین و رووسیا، ئەم هەفتەیە سەردانی پەکینی کرد، کە دوو هاوپەیمانی سەرەکی وڵاتەکەین، بەڵام کچەکەشی یاوەری بوو، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە جێگرەوەی باوکی.
 
دوای ئەوەی شەمەندەفەرە تایبەتەکەی شاندی کیم رۆژی سێشەممە گەیشتە وێستگەی شەمەندەفەری پەکین، کیم جو ئای لە تەنیشت باوکییەوە دەرکەوت. لەوێ کیم جۆنگ ئوون لەگەڵ سەرکردەی 20 وڵاتی دیکە، بەشداریی لە نمایشی سەربازی کرد.
 
کیم جو ئای بۆ یەکەم جار لەگەڵ باوکی سەفەری دەرەوەی وڵاتی کرد.
 
جو ئای، تەمەنەکەی بە دیاریکراوی دیار نییە، بەڵام پێدەچێت تەمەنی 12 ساڵ بێت، تاکە منداڵی کیم جۆنگ ئوونە کە لە میدیای فەرمی دەرکەوتبێت، کە بە "کچە خۆشەویستەکەی" ناوی دەبات. 
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـوە، بۆ نمایشە سەربازییەکان، تاقیکردنەوەی چەکەکان و رووداوە ناوخۆییە گرنگەکانی دیکەی سیاسی یاوەریی باوکی کردووە.
 
شڕۆڤەکارانی کۆریای باشوور دەڵێن، وادیارە کیم جۆنگ ئوون وەک جێگرەوە ئامادەی دەکات، "ئەوەی کە کیم جوئای لە یەکەمین گەشتی بۆ چین لە ماوەی شەش ساڵدا و لە کۆبوونەوەیەکی گەورەی سەرکردە نێودەوڵەتییەکاندا لەگەڵ خۆی بردووە، نیشانەیەکی نوێی گرنگە بۆ بەرزبوونەوەی پێگەی."
 
یانگ موو جین، سەرۆکی پێشووی زانکۆی توێژینەوەی کۆریای باکوور لە سیئۆل، گوتی ئەو کچە لەو سەردانەی خۆی بە "سەرکردایەتیی چین" ناساند.
 
چۆنگ سۆنگ چانگ، شارەزای کاروباری کۆریای باکوور لە پەیمانگای سێجۆنگ لە سیئۆل، گوتی: "دیمەنەکەی وێستگەی پەکین نیشانی دا کە ئەو نەک تەنیا لە ناوخۆ بەڵکو لە دەرەوەش وەک کەسی ژمارە دووی کۆریای باکوور مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت." گوتیشی: "بە بردنی بۆ چین، کیم جۆنگ ئوون پەیامێکی بەهێز بۆ جیهان دەنێرێت، کە ئەو دەبێتە جێگرەوەی."
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، هەرچەندە کیم جۆنگ ئوون لە تەمەنێکی بچووکدا وەک جێگرەوەی باوکی، کیم جۆنگ ئیل، دەستنیشان کرا، بەڵام ئەو پێگەیە بە نهێنی مایەوە تاوەکو باوکی لە ساڵی 2008دا تووشی جەڵتەی مێشک بوو. کۆبوونەوەکەی پەکین گۆڕانی کیم جۆنگ ئونی لە کەسایەتییەکی دەرکراوی نێودەوڵەتی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە بۆ یاریزانێکی جیهانی خستەڕوو. 
 
دوای نمایشی رۆژی چوارشەممە، پووتین و کیم لە ئۆتۆمبێلی سەرۆکی رووسیادا چوونە میوانخانەی حکومیی (دیاویوتای) لە پەکین، کە بەپێی میدیای رووسیا ماوەی دوو کاژێر و نیو گفتوگۆیان کرد. پووتین بۆ یارمەتیدانی لە هەوڵەکانی جەنگەکەیدا لە ئوکراینا بە ناردنی سەرباز و چەکی کۆریای باکوور، سوپاسی کیم جۆنگ ئونی کرد.
 
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تاس-ی رووسی، کیم جۆنگ ئون یارمەتیدانی مۆسکۆی بە "ئەرکێکی برایانە" زانیوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە