بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 'رێڕۆی پێشمەرگە' لە پاریس دەکرێتەوە

04-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شارەوانی پاریس دەڵێت، "ئێستا پێشمەرگە شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی پاریس هەیە"، ئەمەش پێش ئەوەی کە رۆژی هەینی، رێڕۆێک بە ناوی هێزە کوردستانییەکە لە پارکێکی پایتەختی فەرەنسا بکرێتەوە. 
 
شارەوانییەکە شەوی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس "وەک رێزلێنانێک بۆ جەنگاوەرانی کورد، رێڕۆی پێشمەرگە دەکاتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پێشمەرگە کە هێزێکی شەڕکەری کوردستانی عێراقە، سیمبولی خەباتی گەلی کوردە لە پێناو مافەکانیان و خۆبەڕێوەبەرییان."  
 
شارەوانییەکە دەشڵێت: "بۆ ماوەی چەندین ساڵ، شاری پاریس پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبووە. ساڵی 2019، سەرۆکشارەوانیی پاریس سەردانی هەولێری کرد و پەیمانی دۆستایەتیی لە نێوان دوو شارەکەدا واژۆ کرد."
 
پاریس و هەولێر بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە بە دەستە خوشک راگەیێنراون. 
 
شارەوانیی پاریس دەڵێت: "پاریس شانازی دەکات کە زیاتر لە 40 ساڵە میوانداریی ئینستیتیوتی کوردی دەکات، کە ناوەندێکی بێهاوتای تایبەت بە بڵاوکردنەوەی کولتوور و زمانی کوردییە." 
 
لە بارەی رێڕۆی پێشمەرگە، شارەوانیی پاریس دەشڵێت: "ئێستا پێشمەرگە شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی پاریس هەیە و دەڕوانێتەوە سەر دیمەنی ناوازەی رووباری سەین."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمشەو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆمەڵێک وێنەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە پاریس بڵاوکردنەوە. 
 
هاوکات، د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێنەیەکی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە و نووسی: ئەمڕۆ، لە پاریس، گفتوگۆیەکی یەکجار قووڵ و بابەتی و راشکاوم لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیدا لەسەر ئەم بابەتانەی خوارووەدا هەبوو؛ یەک: رووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و بژاردەکانی چوونەدەرەوە لە قەیرانەکان. دوو: ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و عێراق و چۆنیەتی بیناکردنەوەی ئەو پەیوەندیانە لەسەر چوارچێوەی نوێ. سێ: پەیوەندیەکانی نێوان کوردستان و فەرەنسا و چاوەڕوانیەکانی هەردوولا لەیەکتری. چوار: پرسی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی عێراق.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا