هاوڕێ کەمال: لە پەنابەرێکەوە بۆ کارسازێکی خێرخواز لە ئەڵمانیا

04-10-2025
رووداو @Rudawkurdish
هاوڕێ کەمال
هاوڕێ کەمال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاتی ئەوە هاتووە چیرۆکی ئەو کوردە بزانن کە هیچ میدیایەکی ناسراو و بەنێوبانگی ئەڵمانیا نەماوە هەوڵی نەدابێت کارێکی لەسەر بکات. لە هەندێک ڤیدیۆدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ژنان و پیاوانی ئەڵمانی بەتەمەن دەردەکەون کە هاوڕێ کەمال سەریان بۆ چاکدەکات و دوایی هەندێکیان دەستدەکەن بە گریان. هۆیەکەشی ئەوەیە هاوڕێ رۆژێکی لە هەفتەدا لە دووکانەکەی تەرخانکردووە بۆ ئەو بەتەمەنە خانەنشینانە و جگە لە سەرچاککردن، قسەی خۆشیشیان بۆ دەکات و زۆر رێزیان دەگرێت.
 
لە دڵی شارە قەرەباڵغەکانی ئەڵمانیا، چیرۆکێکی پڕ لە ئومێد، خۆبەخشی و مرۆڤدۆستی گەشەدەکات، چیرۆکی پیاوێک بەناوی هاوڕێ کەمال، کە ئێستا لە ئەڵمانیا بە "کەمال خۆشناو" ناسراوە. ناوی کەمال بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی ئەو وڵاتە و نموونەیەکە بۆ سەختگیری و وەفاداری، دوازدە ساڵ لەمەوبەر، هاوڕێ کەمال وەک پەنابەرێک پێی نایە وڵاتی ئەڵمانیا و وەک هەزاران پەنابەر و کۆچبەرێکی دیکە، ژیانێکی پڕ لە ئاستەنگی و نەهامەتی دەستپێکرد.
 
هاوڕێ کەمال، کە خەڵکی ناوچەی بێتواتەیە لە رانیە، سەرەتاکانی ژیانی لە ئەڵمانیا پڕ بوو لە قورسی، فێربوونی زمانێکی نوێ، خۆگونجاندن لەگەڵ کولتوورێکی تەواو جیاواز و دروستکردنی ژیانێک لە سفرەوە، ئاستەنگی گەورە بوون لەسەر ڕێگای، کەمال بە ورەیەکی بەرز و هەوڵێکی زۆرەوە توانی بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بێت، ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن لە کوردستان خاوەنی کاری هونەری بووە و کاری دەکرد، بەڵام قەرەباڵخی ژیانی نوێ لە ئەڵمانیا بۆ ماوەیەک وای لێکردووە لە هونەرەکەی داببڕێت، بەڵام ئەمڕۆ کەمال بووەتە خاوەنی وڵاتینامەی ئەڵمانی و خاوەنی پیشەی خۆیەتی؛ دەلاکخانەیەکی سەرکەوتووی لە ئەڵمانیا هەیە، ئەم دەلاکخانەیە نەک تەنیا سەرچاوەی بژێویی ژیانیەتی، بەڵکو بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا و پەیامێکی گەورە.
 
کەمال بە شانازییەوە باس لەوە دەکات کە دەیەوێت "نمەک"ی ئەو وڵاتە بداتەوە کە دەرگای بۆ کردووەتەوە و لە کاتی تەنگانەدا یارمەتی داوە، ئەو دەڵێت، "وەک مرۆڤێک، نامەوێت نمەکحەرام بم، دەبێت وەفام هەبێت بۆیان، چونکە رۆژێک لە رۆژان ئێمە هیچمان پێنەبوو، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خودا، هەموومان خاوەنی شتی خۆمانین و خۆمان گونجاندووە لەم وڵاتە"، ئەم پەیامە سادە و لە هەمان کاتدا پڕ واتایە، بنەمای هەموو ئەو کارە خێرخوازییانەیە کە کەمال ئەنجامی دەدات.
 
یەکێک لە کارە هەرە سەرنجڕاکێش و کاریگەرەکانی هاوڕێ کەمال، تەرخانکردنی رۆژانی دووشەممەیە بۆ بڕینی قژی خانەنشینان و کەسانی داهات کەم، بە شێوەیەکی تەواو خۆڕایی، ئەم بیرۆکە جوانە، لە هاوڕێیەتییەکی قوڵەوە سەرچاوەی گرتووە لەگەڵ خانەنشینێکی بەتەمەن و دڵسۆز، کەمال باس لەوە دەکات کە لە ئەورووپا، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، چینی هەژار زۆرە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، بە تایبەت خانەنشینان، داهاتیان زۆر کەمە و ناچارن لەسەر شەقامەکان دەستپان بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ئەم دیمەنانە بوونەتە هاندەرێکی بەهێز بۆ کەمال کە ئەم پڕۆژە خێرخوازییە جێبەجێ بکات و لە ساڵی 2023ـەوە دەستی بەم کارەکردووە، هەروەها، خێرخوازییەکانی کەمال تەنیا بە بڕینی قژ کۆتایی نایەت؛ ئەو مانگانە ڕۆژێکی تەواو لەگەڵ یەکێک لە خانەنشینەکان بازاڕ دەکەن و جلوبەرگی نوێی بۆ دەکڕێت، ئەمەش دەربڕینی قووڵی مرۆڤدۆستی و پەرۆشیی ئەوە بۆ ئەو چینە بێ داهاتە.
 
 
ئەم پڕۆژە خێرخوازییەی هاوڕێ کەمال، کاردانەوەیەکی گەورەی لە میدیا و کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆربەی کەناڵەکانی راگەیاندنی ئەڵمانی بە گەرمی پێشوازییان لێکردووە و چەندین ئەندام پەرلەمان لەو وڵاتە سەردانی دەلاکخانەکەیان کردووە و ستایشی ئەم کارە مرۆڤدۆستانەیەیان کردووە، کەمال بەم کارەی دەیەوێت بیسەلمێنێت کە کوردەکان کەسانی باشن و زیانیان بۆ ئەو وڵاتە نییە کە میواندارییان دەکات، بەڵکو حەز دەکەن بە شێوەیەکی باش خزمەتی بکەن و وەفاداری خۆیان دەرببڕن، کارەکەی هاوڕێ کەمال لەنێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا پشتیوانییەکی زۆری لێدەکرێت و بووەتە نموونەیەکی درەوشاوە بۆ هاوکاری، یەکتر قبوڵکردن و مرۆڤدۆستی لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا.
 
ئەم چیرۆکە نیشانەی ئەوەیە کە چۆن تاکێک دەتوانێت لە قۆناخی پەنابەرییەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانیدا دروست بکات و ببێتە سەرچاوەی خێر و بەرەکەت بۆ کۆمەڵگەی میواندار، بە تایبەت بۆ ئەو چینەی کە زۆرترین پێویستیان بە یارمەتی هەیە. هاوڕێ کەمال بە کارەکانی، نەک تەنیا خزمەتی مرۆیی پێشکەش دەکات، بەڵکو سیمایەکی گەش و ئەرێنی لەسەر ناسنامەی کورد لە ئەڵمانیا و ئەورووپا بە گشتی دروست دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.