دیاسپۆرانشینانی ئەڵمانیا هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە

04-10-2025
مەی دۆست
ئەو رۆحی هاوکارییە تەنیا لە شارێکی ئەڵمانیا قەتیس نەبووە، بەڵکو لە سەرانسەری ئەڵمانیادا بڵاوبووەتەوە
ئەو رۆحی هاوکارییە تەنیا لە شارێکی ئەڵمانیا قەتیس نەبووە، بەڵکو لە سەرانسەری ئەڵمانیادا بڵاوبووەتەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دیاسپۆرا و لە دووریی هەزاران کیلۆمەتر لە وڵات، کوردانی تاراوگە دڵیان لەلای خوشک و براکانیانە. لە ئەڵمانیا جڤاکی کوردی لە رێگەی کۆمەڵە کوردییەکانەوە دەستی یارمەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان درێژ دەکەن. یەکێک لە چالاکترین ئەو ناوەندانە، کۆمەڵەی کوردانی لیڤەرکۆزنە، کە لە ساڵی 2017وە بەبێ ماندووبوون کاری بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی کردووە.
 
جاسم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کوردانی لیڤەرکوزن دەڵێت، "لەناو ئەم کۆمەڵەیەدا لیژنەیەکی یارمەتی هەیە، کە هەرسێ مانگ جارێک یارمەتیی گەلەکەمان دەدات، هەر ئەندامێک لە سێ مانگ جارێک پارەیەکی دیاریکراو دەدات، ئەم پارەیە دەبەخشرێتە 10 ئەندامی کۆمەڵەکە کە لە عەفرینەوە تاوەکو دێرک بڵاوبوونەتەوە، هەریەکەیان لە شوێن و باژێری خۆی هاوکارییەکە دابەشدەکات."
 
ئەم رۆحی هاوکارییە تەنیا لە شارێکی ئەڵمانیا قەتیس نەبووە، بەڵکو لە سەرانسەری ئەڵمانیادا بڵاوبووەتەوە، لە شاری بۆخووم کۆمەڵەی رۆناهی بە هەمان شێوە چالاکە، بۆ ئەوان ناردنی هەر قوتوویەک یاخود هەر بڕە پارەیەک، نەک تەنیا هاوکارییەکە، بەڵکو پەیامێکی پشتگیری و هاوخەمییانە.
 
خوناو حاجۆ، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی رۆناهی دەڵێت، "دوای رووداوە گەورەکان لە رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی کارەساتەکان، کە سەرەتا لە سەرێ کانی دەستیپێکرد، ئەوکات من لە ئەنجوومەن بووم و من و هاوڕێیەکم خۆمان کۆکردەوە، دەستمان بە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان کرد و پارەمان نارد بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان، هەرچەندە بەڵگەنامەی فەرمیمان پێنەدەگەیشت کە پارەکە گەیشتووەتە دەست ئەوانەی پێویستن یان نا، بەڵام لە رێگەی تەلەفۆنەوە پێمان رادەگەیێندرا کە پارەکە گەیشتووەتە شوێنی گونجاو بۆ خەڵکی هەژار."
 
پاش رێوڕەسمێکی دوورودرێژ و پڕ لە ماندووبوون، ئەم یارمەتییانە دەگەنە رۆژئاوا، بەڵام چیرۆکەکە لەوێ کۆتایی نایەت، کەسانی دڵسۆز و خۆبەخش وەک عەبدوڵڵا مستەفا هەڵدەستن و ئەم ئەمانەتانە بەپێی پێویست لەگەڵ هەموو زەحمەتییەکاندا بەسەر خێزانەکاندا دابەش دەکەن. بەرامبەر بەم هەوڵە گەورەیە پێداویستییەکانی ئەوێ زۆر زیاترن، هەندێک لە هاووڵاتیان دەڵێن کە ئەم یارمەتییانە ناگەنە هەموو خێزانە هەژارەکان.
 
گوڵێ شێخمووس سلۆ، هاووڵاتی دەڵێت، "بەناوی کۆمەڵەیەکی ئەڵمانی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام رێکخراوێک لەوێ بوو گوایە پارەیان دەدا بە خەڵک، من چووم پێم گوتن منیش پێویستیم بەو پارەیەیە و ناوم بنووسم بۆ ئەوەی وەریبگرم، بەڵام ناوی منیان نەنووسی، من نازانم کام رێکخراو بوو یان ناوی چی بوو، بەگشتی رێکخراوی هاوکاریی لێرە هەن، بەڵام هیچیان نەهاتوونەتە لامان، دەڵێن هەژار زۆربوونە و هەر رێکخراوێک هاوکارییەکە دەدەنە کەسە هەژارەکانی نزیک لە خۆیان یان خزموکەسوکاریان."
 
لە ئەڵمانیاوە تاوەکو رۆژئاوای کوردستان هەوڵەکانی یارمەتیدان بێ وچان بەردەوامن، بەڵام دۆخەکە سەختە، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا پێویستە چی بکرێت بۆئەوەی ئەو یارمەتییانە بگەنە هەموو کەسێک و لە رێگاکان ون نەبن؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هێرشکردنە سەر تارانی پایتەختی ئێران لە پەنجەرەی ماڵێکەوە. وێنە: AFP

جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران چۆن دەستی پێکرد؟

هەفتەیەک بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێدەپەڕێت، پرسیارێکی سەرەکی بەسەر گفتوگۆی سیاسی لە واشنتن و دەرەوەی واشنتنیش دا زاڵە، ترەمپ چۆن ئەو بڕیارەیدا؟ تاوەکو چ رادەیەک ئیسرائیل کاریگەریی هەبوو لەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چوونە نێو شەڕەکەوە؟ زنجیرەی ئەو رووداوانەی بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە دەگەڕێنەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، کە بریتین لە گوشارە بەردەوامەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، گۆڕانی بەردەوام لە راپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، زنجیرەیەک لێکدانەوەی ستراتیژی و سیاسی لەنێو کۆشکی سپی دا. دەرئەنجامەکەش یەکەم هەڵمەتی سەربازیی هاوبەشی راستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو دژی ئێران، کە هەنگاوێکە دەرئەنجامی قووڵی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.