رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەی سەرکردایەتیی پارتی دەسەڵاتداری ژاپۆن، سانای تاکایچی رایگەیاند، "سەردەمێکی نوێ" دەستیپێکردووە و بەوەش رێگەی بۆ خۆش بوو ببێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی وڵاتەکەی.
تاکایچی تەمەن 64 ساڵ، کە مارگرێت تاچەری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بە نموونەی کاری خۆی دەزانێت، رایگەیاند، "کێوێک لە ئیش و کار" لەپێشیدایە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ پارتی دیموکراتی لیبراڵ (LDP) کە "تووشی قەیران" بووە.
پارتی LDP دەیان ساڵە حوکمڕانیی ژاپۆن دەکات، بەڵام زیادبوونی پشتیوانی بۆ پارتە بچووکەکان، لەنێویاندا پارتی دژە کۆچی سانسیتۆ، وایکردووە پشتیوانیی جەماوەری لەدەستبدات.
تاکایچی نزیکە لەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەلایەن پەرلەمانەوە وەک پێنجەمین سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن پەسند بکرێ.
تاکایچی لە بارەگای LDP دوای بردنەوەی لە شینجیرۆ کۆیزومی گوتی: "پێکەوە لەگەڵ زۆرێکتان، سەردەمێکی نوێمان بۆ LDP نەخشاند. لەبری ئەوەی ئێستا هەست بە دڵخۆشی بکەم، هەست دەکەم ئاڵنگاریی راستەقینە لەپێشمانە."
رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان
تاکایچی ئێستا رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسی ئاڵۆز دەبێتەوە، لەنێویاندا بەساڵاچوونی دانیشتووان، گۆڕانکاریی جیۆسیاسی، ئابوورییەکی ناسەقامگیر و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی کۆچ.
یەکێک لەو پارتانەی لە بەهێزبووندایە، سانسیتۆیە، کە هاوشێوەی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکانی دیکە، کۆچبەری بە "داگیرکارییەکی بێدەنگ" ناودەبات و تازەهاتووان بە هۆکاری کۆمەڵێک کێشە دەزانێت.
تاکایچی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا گوتی، ژاپۆن دەبێت "پێداچوونەوە بەو سیاسەتانەدا بکات کە رێگە بە هاتنەناوەوەی ئەو کەسانە دەدەن کە کولتوور و پاشخانی تەواو جیاوازیان هەیە."
تاکایچی لە رابردوودا پشتیوانی لە سیاسەتی نەختینەیی تووند و خەرجیی گەورەی دارایی کردووە، هاوشێوەی شینزۆ ئابێی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بەڵام لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا هەڵوێستی خۆی نەرمتر کرد و لەبارەی چینیشەوە نەرمتر دەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ