رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە حەماس دەدات پەلە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست بکات، "ئەگەرنا، هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە." هەروەها دوو نێردە دەنێرێتە میسر بۆ ئەوەی سبەی یەکشەممە، لە گفتوگۆی حەماس و ئیسرائیلدا نێوەندگیری بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیالدا دەڵێت: "پێزانینم هەیە کە ئیسرائیل بۆمبارانکردنی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە ئازادکردنی بارمتەکان و تەواوکردنی رێککەوتنی ئاشتی."
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "پێویستە حەماس پەلە بکات، ئەگەرنا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە. هیچ دواخستنێکم قبووڵ نییە، کە زۆر کەس پێیانوایە روودەدات، هەروەها بەرگەی هیچ ئەنجامێکیش ناگرم کە تێیدا غەززە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە."
ترەمپ جەخت دەکاتەوە و داوا لە لایەنەکان دەکات "با ئەم کارە بە خێرایی بکەین. مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموواندا دەکرێت."
هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت جەیرێد کوشنەر، زاوای ترەمپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، دوایین وردەکارییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان یەکلایی بکەنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە بکەن کە ترەمپ بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ پێشنیازی کردووە.
میدیاکانی نزیک لە حکومەتی میسر بڵاویانکردەوە، بڕیارە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ئیسرائیل و حەماس لە قاهیرە لەبارەی گۆڕینەوەی دیل و بارمتەکان گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بکەن.
ئەم گفتوگۆیانە دوای ئەوە دێن کە ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کرد بۆردوومانکردنی غەززە رابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس رایگەیاند ئامادەیە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و دەست بە دانوستاندن بکات.
حەماس رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بزووتنەوەکە رەزامەندیی خۆی بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان — زیندوو و تەرمەکان — رادەگەیێنێت، بەپێی ئەو میکانزمی ئاڵوگۆڕکردنەی لە پێشنیازەکەی سەرۆک ترەمپدا هاتووە."
دواتر ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسی: "بە پشتبەستن بەو راگەیێندراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردوومانکردنی غەززە رابگرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەکان بە سەلامەتی و بە خێرایی دەربهێنین!".
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل رۆژی شەممە هێرشی کوشندەی کردە سەرانسەری غەززە.
بە گوتەی محەممەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرەکیی شفای غەززە، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە لانیکەم 39 کەس کوژراون.
ئەبو سەلمیە گوتی، 34 کەس لە کوژراوەکان لە شاری غەززە بوون، کە لە هەفتەکانی رابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و زەوینییان کردووەتە سەر شارەکە.
محەممەد موغەییر، لە بەرگریی شارستانیی غەززە، کە فەرمانگەیەکی فریاگوزارییە، گوتی: "بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە هەمان چڕی و شێواز بەردەوامە — هێرشی ئاسمانی، تۆپباران و تەقەی درۆن بەردەوامن."
داوای 'گفتوگۆی خێرا' دەکرێت
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند، میسر کە نێوەندگیرە لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا، میوانداریی کۆنفرانسێک بۆ لایەنە فەڵەستینییەکان دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی غەززە لە دوای جەنگ.
کەناڵی "قاهیرە نیووز" کە نزیکە لە دەزگای هەواڵگریی میسر، بڵاویکردەوە "شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی سبەی و دووسبەی لە قاهیرە گفتوگۆ بکەن، بۆ تاوتوێکردنی رێکخستنی بارودۆخی زەوینی بۆ ئاڵوگۆڕی هەموو دەستبەسەرکراو و زیندانییەکان، بەپێی پێشنیازەکەی ترەمپ."
پلانی ترەمپ داوای راگرتنی شەڕ، ئازادکردنی بارمتەکان لە ماوەی 72 کاژێردا، کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە غەززە و چەککردنی حەماس دەکات.
هەروەها پلانەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "حەماس و لایەنەکانی دیکە هیچ رۆڵێکیان لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەبێت" و لەبری ئەوە، ئیدارەی کەرتەکە لەلایەن دەستەیەکی تەکنۆکراتەوە بەڕێوەببرێت کە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری دوای جەنگەوە بە سەرۆکایەتیی خودی ترەمپ سەرپەرشتی بکرێت.
کۆمەڵەی بنەماڵەی بارمتە و بێسەروشوێنکراوەکان، کە گرووپێکی ئیسرائیلییە و داوای ئازادکردنی گیراوەکان دەکات، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "داواکارییەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ، زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی زیانی جیددی بە بارمتەکان."
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی دەزگای بەرگریی شارستانیی غەزز گوتی، شەوەکە "زۆر تووندوتیژ" بووە و گوتیشی لە ماوەی شەوەکەدا 20 ماڵ وێران بوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی لە شاری غەززە بەردەوامە و هۆشداریی دایە دانیشتووان کە نەگەڕێنەوە بۆ ئەوێ.
ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل هێشتا لە شاری غەززە کاردەکەن و گەڕانەوە بۆی زۆر مەترسیدارە. بۆ سەلامەتیتان، خۆتان بەدوور بگرن لە گەڕانەوە بەرەو باکوور یان نزیکبوونەوە لە ناوچەکانی چالاکیی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە هەر شوێنێک — بە باشووری کەرتی غەززەشەوە."
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپا دوای داواکارییەکەی ترەمپ، لە غەززە دۆخی بەرگریی وەرگرتووە.
لەبارەی کوژراوانی شاری غەززە، نەخۆشخانەکان رایانگەیاند 17 کەسیان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی عەبدولعال لە گەڕەکی توفاحی شارەکە گیانیان لەدەستداوە.
خەڵکی غەززە ستایشی ترەمپ دەکەن
جەمیلە سەید، تەمەن 24 ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی زەیتوونی شاری غەززە، گوتی: "دڵخۆش بووم کاتێک ترەمپ ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکان نەوەستان."
کاتێک هەواڵی راگەیێندراوەکەی حەماس بڵاوبووەوە، ئاوارەکان لە نێو چادرەکاندا دەستیان بە تەکبیراتی خۆشی کرد.
سامی عەدەس، تەمەن 50 ساڵ، کە لەگەڵ خێزانەکەی لە چادرێکدا لە شاری غەززە دەژی، گوتی: "باشترین شت ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ خۆی ئاگربەستی راگەیاند، نەتەنیاهووش ئەمجارە ناتوانێت دەربازی بێت... ئەو تاکە کەسە کە دەتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات پابەند بێت و شەڕ رابگرێت."
شەڕەکە بەهۆی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەڵگیرسا. حەماس دەڵێت، هێرشەکەی وەڵامی کوشتن، بریندارکردن و دەستگیرکردنی هەزاران فەلەستینی بوو لە لایەن ئیسرائیلەوە، هەروەها پەرچەکردراێک بوو بۆ دەستبەسەرداگرتن و لکاندنی خاکی زیاتری فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە.
هێرشەکەی حەماس لەو رۆژەدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 219 کەس کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون.
هێرشەکانی ئیسرائیلیش کە لیژنەیەکی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین سەرکردەی جیهان بە جینۆسایدی دژی فەلەستینییەکان ناویان دەبەن، بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 67 هەزار و 74 فەڵەستینی، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە باوەڕپێکراو دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ