رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێرەکانی کۆتایی ماراسۆنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکاداین، تاوەکو ئێستا نزیکەی 75 ملیۆن کەس پێشوەختە دەنگیان داوە و ئەمریکییەکان بڕیار لە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکە دەدەن.
ئەمانە 5 پرسن کە دەنگدەری ئەمریکی زۆترین گرنگییان پێ دەدەن:
1- ئابووری
ئابووری خەمی یەکەمی دەنگدەری ئەمریکییە، بەتایبەتی کە پێشبینییەکان بۆ داهاتوو خراپن. لە ماوەی ئیدارەی دیموکراتەکاندا، لە ساڵی 2020 تا 2021 هەڵاوسان، واتە بەرزبوونەوەی نرخەکان، گەیشتە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردوو، واتە گرانی زیادبوو و باری خێزانە ئەمریکییەکان گران بوو.
وێڕای ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا هەڵاوسان کەمبووەتەوە و گەشەی ئابووری بە ئەسپایی بەردەوام بووە، زۆر لە دەنگدەران پێیانوایە ئەمریکا هێشتا لە پاشەكشەی ئابووریدایە. دەستکەوتە ئابوورییەکانی ئیدارەی بایدن و هاریس دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە نێو دەنگدەراندا نەبووە. دەنگدەران لە پرسی ئابووریدا زیاتر متمانە بە ترەمپ دەکەن.
2- کۆچبەران و ئاسایشی سنوور
پرسی کۆچبەران ناکۆکیی زۆری لەسەرە. ترەمپ دەڵێت، سنوور تووند دەکەم و ناهێڵم کۆچبەری نایاسایی بێنە نێو ئەمریکا. هەروەها پێیوایە سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن و هاریس شکستیان هێناوە.
ئیدارەی بایدن هەوڵیداوە هەندێ رێکار بۆ رێکخستنی لێشاوی کۆچبەران بگرێتەبەر، بەڵام هێشتا رەخنەی لێ دەگیرێت و سنووری باشووری ئەمریکا بەهۆی کۆچبەرانی نایاسایی بە پشێویدا دەڕوات.
کامالا هاریس کە پێشتر لە لایەن بایدنەوە بە "قەیسەری سنوور" ناودەبرا، ئێستا لە لایەن کۆمارییەکانەوە بە شکستخواردوو دادەنرێت لە پاراستنی سنووری وڵاتەکە. هاریس دەیەوێت سیاسەتی هاوسەنگ دابنێت و پێدانی وڵاتینامە بە کۆچبەران ئاسانتر بکات.
3- مافی لەباربردنی منداڵ
مافی لەباربردنی منداڵ یەکێکە لەو شتانەی مشتومڕ و ناکۆکیی سیاسیی زۆری لەسەرە. ژنانی گوند و ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان گرنگیی زۆر بەو مافە دەدەن و داوا دەکەن لە لەباربردنی منداڵدا ئازاد بن.
هاریس دەڵێت پارێزگاری لەو مافە دەکات.
ترەمپ سەرەتا هەڵوێستی زۆر تووند بوو لەسەر ئەو بابەتە و دەیگوت قەدەخەی دەکات، بەڵام دوای ئەوەی رووبەڕووی ناڕەزایی گەورە بووەوە، پاشەکشەی کرد و گوتی بڕیارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ویلایەتەکان، واتە هەر ویلایەتێک بۆ خۆی بڕیاردەدات کە ئایا لە باربردن یاسایی بێت یان نا.
4- سیاسەتی دەرەوە
لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، سیاسەتی دەرەوە بۆ دەنگدەری ئەمریکی یەکێک نەبووە لە پرسە هەرە گرنگەکان، بەڵام ئەمجارە جیاوازە. دوو جەنگ هەن: جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و جەنگی ئیسرائیل دژی حەماس و حیزبوڵڵا کە وایانکردووە سیاسەتی دەرەوە لەم هەڵبژاردنەدا گرنگیی زیاتری پێ بدرێت.
ئەم ساڵ خوێندکاران و گەنجانی ئەمریکی خۆپێشاندانی گەورەیان بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین کرد. لەنێو هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتدا ناکۆکیی گەورە هەبوو لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕەکە.
هەروەها کۆمارییەکان مەیلی ئەوەیان هەیە یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا کەمبکەنەوە و ترەمپیش دەڵێت، جەنگەکە بە شەو و رۆژێک کۆتایی پێدێنێت. کە ئەمە دەکرێت کاریگەریی لەسەر سیاسەت و ئابووریی نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو تەواوی جیهان هەبێت.
5- دیموکراسی و پاکوبێگەردیی هەڵبژاردن
دیموکراسیش پرسێکی گەرمی نێو کۆمەڵگەی ئەمریکییە. هۆکاری ئەوەش ئەو دەنگۆیانەیە کە ساڵی 2020 لە دوای سەرکەوتنی بایدن بەسەر ترەمپدا بڵاوکرانەوە، کە ترەمپ پێیوابوو (ئێستاش پێیوایە) لەو هەڵبژاردنەدا ساختەکاری کراوە. رووداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس کاتێک لە 6ی کانوونی 2021 لە لایەن لایەنگرانی ترەمپەوە، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی دیموکراسی ببێتە جێی بایەخی دەنگدەری ئەمریکی.
لایەنگرانی ترەمپ هێشتاش دەڵێن، ئەگەر ساختەکاری نەبوایە، ترەمپ هەڵبژاردنەکەی 2020ی بردبووەوە. مانەوەی ئەم دەنگۆیە لە نێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، خەڵکێکی زۆر هاندەدات بەشداری لە دەنگداندا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ