گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: پێویستە چاکسازییەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بن لە تورکیا

04-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، پێشوازی لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی تورکیا و رادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە دەکەن. دەشڵێت، پێویستە چاکسازی پێویست بە ئاراستەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بکرێت. 
 
گوتەبێژەکە لە بارەی کشانەوەی پەکەکە لە نێو خاکی تورکیا بە نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشوازی لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکی پەکەکە دەکەین".
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل رایگەیاند، هەموو هێزەکانیان لە تورکیا دەکشێننەوە. هەروەها، 11ی تەمموزی ئەم ساڵ، بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
 
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "پرۆسەیەکی ئاشتیی باوەڕپێکراو، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی کورد، هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە و درێژخایەن". داوا لە هەموو لایەنەکان کرد، ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و دەست بە پرۆسەیەکی گشتگیر بکەن، کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ئاشتەوایی بێت، هەروەها چاکسازییە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بکرێن.
 
بەرپرسانی پەکەکە داوای ژمارەیەک چاکسازی و گۆڕانکارییان لە تورکیا کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە پرۆسەی ئاشتی بدەن، لەوانە ئازادکردنی عەبدوڵـڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی چەکدارانیان بۆ تورکیا و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگا. 
 
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا پێیوایە، "دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، بە رەچاوکردنی مافە بنەڕەتییەکان و سەروەری یاسا، نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی تورکیا دەبێت، بەڵکو بەشداریش دەبێت لە سەقامگیری هەموو ناوچەکەدا".
 
سەبارەت بە پرسی لابردنی پەکەکە لە لیستی رێکخراوە "تیرۆرستییەکانی" یەکێتیی ئەورووپا، گوتەبێژەکە گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی دان بەو هەڕەشەیەدا دەنێت کە پەکەکە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروستی دەکات."
 
پەکەکە لە ساڵی 2002ـەوە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" پۆلێن کراوە. پۆلێنکردنەکە هەموو شەش مانگ جارێک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و دوایین جار تاوەکو 31ی کانونی دووەمی 2025 درێژکراوەتەوە.
 
دوای 41 ساڵ لە خەباتی چەکداری، لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا. کۆنگرەکە لەسەر داوای عەبدوڵـڵا ئۆجەلان بوو کە شوباتی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان. وێنەکە: AP

ترەمپ و مۆدی رێککەوتن؛ نەوتی رووسیا مەكڕە، پێناسی گومرگی کەمدەکەمەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هیندستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بازرگانیی مێژوویی کە تێیدا نیودەلهی بەڵێنی داوە کڕینی نەوتی رووسیا رابگرێت.