جیهان
خێزانێکی ئەفغانستان پشوویەک دەدەن، دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت، تەنیا لە یەک رۆژدا 16 هەزار و 242 هاووڵاتی لە ئێران و پاکستانەوە دیپۆرت کراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025 حەمدوڵڵا فترەت، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 2 هەزار و 963 خێزان کە لە 16 هەزار و 243 کەس پێکهاتبوون، لە ئێران و پاکستانەوە گەڕێندرانەوە ئەفغانستان.
حەمدوڵڵا فترەت ئاماژەی بەوەشکرد، یارمەتیدانی هاووڵاتییەکان دەستیپێکردووە و 2 هەزار و 161 خێزان کە لە 11 هەزار و 772 کەس پێکهاتوون، بۆ ناوچەکانی خۆیان گوێزراونەتەوە.
هاوکات هەزار و 882 هاووڵاتیی گەڕێندراوە هاوکاریی مرۆیی سەرەتاییان پێشکێشکراوە. کۆمپانیاکانی بواری گەیاندنیش 2 هەزار و 958 سیمکارتیان بەخۆڕایی بەسەر هاووڵاتییە گەڕاوەکاندا دابەشکردووە تاوەکو بتوانن پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
پێچەوانەی ئەو هەنگاوە، لە ئەڵمانیا ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە گرووپێک لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی دەکرێ، کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی تایبەتی وەرگرتنی مرۆیی رەزامەندیی گواستنەوەیان پێدراوە.
بەگوێرەی میدیای ئەفغانستان، ئەو هاووڵاتییانە لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستانەوە بە رێگەی ئاسمانی دەگوازرێنەوە بۆ شاری هانۆڤەر.
ئەمە چوارەمین کاروانی گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەفغانستانە بۆ ئەڵمانیا لەو کاتەوەی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە لە ئایاری رابردوودا دەستبەکاربوو. هەفتەی رابردوو 14 هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە چوارچێوەی هەمان دەستپێشخەریدا گەیشتنە هانۆڤەر.
ئامانج لەو پرۆگرامە یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە گوایە ژیانیان لە مەترسیدایە لە ئەفغانستان.
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021، حکومەتی ئەو کاتی ئەڵمانیا پرۆگرامێکی بەرفراوانی وەرگرتنی راگەیاند بۆ پاراستنی کارمەندە خۆجێییەکان، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و ئەو رۆژنامەنووسانەی لەگەڵ رێکخراوە ئەڵمانی و نێودەوڵەتییەکاندا کاریان دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ