رووداو دیجیتاڵ
کیمبەرلی گیلفۆیل، داواکاری گشتیی پێشووی کالیفۆرنیا، پێشکێشکاری تەلەفزیۆنی و خۆشەویستی پێشووی کوڕێکی دۆناڵد ترەمپ، رۆژی سێشەممە وەک یەکەم ژنە باڵیۆزی ئەمریکا لە یۆنان دەستبەکاربوو. گیلفۆیل لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەسینا، دۆکیومێنتە دیپلۆماسییەکانی خۆی پێشکێشی کۆنستانتین تاسولاس، سەرۆکی یۆنان کرد.
گەیشتنی پێشکێشکارە کۆنەکەی فۆکس نیوز هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی هەناردەی گازی سرووشتیی شلکراو بۆ رۆژهەڵاتی ئەورووپا لە رێگەی بەندەرەکانی یۆنانەوە.
"چاوەڕوانییەکی گەورە بۆ گەیشتنت"
لە کاتی پێشوازیکردن لێی، سەرۆکی یۆنان بە گیلفۆیلی گوت: "وەک دەبینیت، چاوەڕوانییەکی گەورە بۆ گەیشتنت هەبوو؛ چاوەڕوانییەکی گەورە؛ دەتوانی لە [ژمارەی] پەیامنێر و وێنەگرەکانەوە تێیبگەیت."
گیلفۆیل لە وەڵامدا گوتی: "دەزانم. زۆر بە باشی مامەڵەم لەگەڵ کراوە. ئەزموونێکی نایابە. زۆر باشە کە جارێکی دیکە لە ئەسینا و یۆنانم."
ئەو دیپلۆماتە گوتی، پێشتر بۆ رووماڵکردنی ئۆڵۆمپیادی 2004 و بۆ مانگی هەنگوینی سەردانی یۆنانی کردووە.
گیلفۆیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی: "کاتێک تەمەنم 18 ساڵ بوو، لە زانکۆی یو سی دەیڤس لەگەڵ پرۆفیسۆر سپیریداتیسی مامۆستام دەستم بە خوێندنی مێژووی کۆنی یۆنانی- رۆمانی کرد. بۆیە بە درێژایی ژیانم بایەخی زۆرم بە مێژووی یۆنانی- رۆمانی داوە."
بڕیارە کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا و دەگ بێرگوم، وەزیری ناوخۆ، ئەم هەفتەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر فراوانکردنی هەناردەی گازی رۆژئاوایی بۆ ئۆکراینا، بگەنە ئەسینا.
بڕیارە گیلفۆیل و بەرپرسە ئەمریکییەکان لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆببنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئێستای ئیدارەی ترەمپ، لە کەناڵی فۆکس نیوز پێشکێشکار بوو.
کیمبەرلی گیلفۆیل کێیە؟
کیمبەرلی ئان گیلفۆیل لە 09-03-1969 لە سان فرانسیسکۆ لەدایکبووە، لە ساڵی 2001 تاوەکو 2006 هاوژینی گاڤن نیوسەم، حاکمی ئێستای ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو، لە 2006 تاوەکو 2009 هاوژینی ئێریک ڤیلنسی، بازرگانی ئەمریکا بوو.
لە 2018 تاوەکو 2024 پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ جونیەر، کوڕی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەڵام بە یاسایی ژیانی هاوژینییان پێکنەهێنا.
گیلفۆیل لە ساڵی 2004 لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دەستبەکاربوو و بەرنامەی (Both Sides)ـی پێشکێشکرد؛ لە ساڵی 2018 وازی لە فۆکس نیوز هێنا و لەگەڵ کوڕەکەی ترەمپ دەستیان بە کاری سیاسی و بانگەشە بۆ دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتەکانی کرد.
گیلفۆیل لە ساڵی 1994 لە زانکۆی کالیفۆرنیا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێنا و لە شاری سان فرانسیسکۆ وەک داواکاریی گشتی دەستبەکاربوو و دواتر بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا وەرگرت.
جگە لە کاری دیپلۆماسی، یاسایی، سیاسی و میدیایی، گیلفۆیل نووسەریشە. لە ساڵی 2015 ژنە سیاسەتڤانەکە کتێبێکی ژیاننامەی لەسەر ئەزموونی خۆی بە ناوی (Making the Case: How to Be Your Own Best Advocate) بڵاوکردەوە. لە نیسانی 2024 گیلفۆیل رایگەیاند، کتێبێکی نوێی بەناوی (The Princess and her Pup) بۆ منداڵان نووسیوە، بەڵام هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ