بەڕێوەبەری پێشووی Intel دەیەوێت ژیریی دەستکرد بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی مەسیح بەکاربێنێت

04-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رەنگە زۆر شت لەبارەی پاتریک گێڵسینگەر، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای ئینتێڵ نەزانیت. بەڵام دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لەو کۆمپانیا زەبەلاحە دەرکرا، خۆی بە ئەرکێکی ئایینیی سەرسوڕهێنەرەوە سەرقاڵ کردووە.
 
گێڵسینگەر ئێستا بووەتە بەرپرسی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی بەناوی "گلوو" (Gloo). ئامانجی ئەم کۆمپانیایە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی کریستیانە لەنێو جیهانی تەکنەلۆژیا و حکومەتی ئەمریکادا.
 
بیرۆکە سەیرەکە چییە؟
 
یەکێک لە رێگەکانی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دروستکردنی بەرنامەیەکی ژیریی دەستکردە کە نەک هەر بیروباوەڕی کریستیانی هەبێت، بەڵکو گەڕانەوەی عیسای مەسیح (د.خ) خێراتر بکات.
 
گێڵسینگەر دەڵێت: "ئامانجی ژیانی من ئەوە بووە کار لەسەر پارچە تەکنەلۆژیایەک بکەم، کە ژیانی هەموو مرۆڤێکی ئەم هەسارەیە باشتر بکات و هاتنەوەی مەسیح خێراتر بکات."
 
شارەزاکە پێیوایە، دەتوانێت لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، ئینجیل و بیروباوەڕی کریستیان بگەیێنێتە سەرتاسەری گۆی زەوی، بەوەش عیسای مەسیح (د.خ)، جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە دەگەڕێتەوە سەر زەوی، چونکە لە پەرتووکە پیرۆزەکەدا هاتووە، لە دوازەمان، کاتێک ئینجیل لەنێو هەموو گەلانی جیهاندا بڵاوبووەوە، عیسا (د.خ) دەگەڕێتەوە. 
 
تێکەڵبوونی ئایین و تەکنەلۆژیا
 
گێڵسینگەر خۆی بە کرستیانێکی "دووبارە لەدایکبوو" دەزانێت و هەمیشە بە ئاشکرا باسی باوەڕەکەی کردووە. 
 
ئەم کارەی ئەو، نموونەیەکی دیکەی ئەو رێگە سەیرانەیە کە ژیریی دەستکرد و ئایین، پێی تێکەڵ بە یەک بوون. 
 
بۆ نموونە، هەندێک ملیاردێری بواری تەکنەلۆژیا باوەڕی تەواویان بە هاتنی "دەجال" هەیە.  
 
کۆمپانیای "گلوو" چی دەکات؟
 
کۆمپانیای "گلوو" یارمەتی زیاتر لە 140 هەزار پیاوی  ئایینیی کریستیان دەدات. چۆن؟ بە پێدانی ئامرازی تەکنەلۆژی وەک ژیریی دەستکرد. بۆ نموونە، بەرنامەیەکی تایبەتی ژیریی دەستکردیان هەیە، کە لەسەر بنەماکانی ئایینی کرستیان دروستکراوە. تەنانەت رێگە بە کەنیسەکان دەدات "یاریدەدەری زیرەک"ی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، کە لەسەر گوتارە ئایینییەکانی خۆیان راهێنراوە.
 
ژیریی دەستکرد وەک ئامێری چاپ
 
گێڵسینگەر زۆر باوەڕی بە ژیریی دەستکرد هەیە و پێیوایە هێندەی داهێنانی ئامێری چاپ بۆ مرۆڤایەتی گرنگە.  ئەو دەڵێت، وەک چۆن کاتی خۆی مارتن لوسەر ئامێری چاپی بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی کرستیان و جیهانی گۆڕی، "ئایا ئەمڕۆ کەنیسە ئامادەیە ژیریی دەستکرد بەکاربهێنێت و بیکاتە ئامرازێکی بەهێز بۆ گەیاندنی پەیامەکەی؟"
 
* ئەم بابەتە لە راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وەرگیراوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل.

سەرۆکی بەڕازیل: ترەمپ بووەتە هاوڕێم و نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەکەم

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروستکردووە و دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بکات بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەرەکەدا بگرێت.