رووداو دیجیتاڵ
لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور رۆژی سێشەممە لە گوتاری ساڵانەی بودجەدا لە پەرلەمان رایگەیاند، وڵاتەکەی خەرجییەکانی بۆ ژیریی دەستکرد سێ هێندە زیاد دەکات و بودجەی بەرگریش گەورەترین زیادکردن لە ماوەی شەش ساڵدا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کۆریای باشوور ببێتە یەکێک لە سێ زلهێزە سەرەکییەکەی جیهان لە بواری ژیریی دەستکرد.
لی رایگەیاند، 10.1 تریلیۆن وۆن کە دەکاتە 7 ملیار دۆلار، تەرخان دەکرێت بۆ "گۆڕانکارییەکی گەورە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کۆریای باشوور بۆ ریزی سێ زلهێزە سەرەکییەکەی جیهان لە بواری ژیریی دەستکرد" شانبەشانی ئەمریکا و چین.
ئەو گوتی: "ئێمە بەشێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنان فراوان دەکەین بۆ چوونە نێو 'سەردەمی ژیریی دەستکرد'"، ئاماژەی بەوەشکرد کە بڕەکە زیاتر لە سێ هێندەی بودجەی ئەمساڵی تایبەت بە ژیریی دەستکردە.
پێشنیازەکە لە گوتارێکدا کرا، کە پلانی خەرجییەکانی حکومەتەکەی بۆ ساڵی 2026 روونکردەوە. بە گشتی، پلانی بودجەکە 728 تریلیۆن وۆنە، کە بە رێژەی 8.1٪ لەچاو ئەمساڵدا زیادیکردووە.
ئێستا لی پێویستی بەوەیە پەرلەمان پێشنیازی بودجەکە پەسند بکات، کە ئەگەرێکی بەهێزە پەسەند بکرێت، چونکە زۆرینەی پەرلەمان لە دەستی پارتەکەیدایە.
سەبارەت بە بودجەی بەرگری، سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، حکومەتەکەی دەیەوێت بە رێژەی 8.2٪ بە بەراورد بە ئەمساڵ زیادبکرێت و بگاتە 66.3 تریلیۆن وۆن.
ئەگەر پەسند بکرێت، دەبێتە بەرزترین رێژەی زیادکردنی خەرجیی بەرگری لە ساڵی 2019ـەوە.
لی گوتی: "ئێمە چەکە نەریتییەکان دەگۆڕین بۆ سیستەمی پێشکەوتوو کە لەگەڵ سەردەمی ژیریی دەستکرددا بگونجێت و بەخێرایی سوپاکەمان دەکەینە هێزێکی زیرەکی ناوازە."
ژێرخانی ژیریی دەستکرد
لی گوتی، لە بودجەی ساڵی داهاتووی ژیریی دەستکرددا، 2.6 تریلیۆن وۆن "بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە پیشەسازی، ژیانی رۆژانە و کەرتی گشتیدا وەبەرهێنانی پێدەکرێت، لە کاتێکدا 7.5 تریلیۆن وۆن بۆ پەرەپێدانی بەهرە و دروستکردنی ژێرخان دەڕوات."
کۆریای باشوور لانکەی دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهانە لە بواری دروستکردنی چیپەکاندا، کە بریتین لە سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس و ئێس کەی هاینیکس.
ئەو دوو زەبەلاحە تەکنەلۆجییە ئەو چیپانە بەرهەم دەهێنن کە بۆ بەرهەمەکانی ژیریی دەستکرد و ناوەندی داتاکان پێویستن.
جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمریکیی ئێنڤیدیا، هەفتەی رابردوو پلانی دابینکردنی 260 هەزار لە پێشکەوتووترین چیپەکانی کۆمپانیاکەی بۆ کۆریای باشوور راگەیاند، کە وەرگرەکان بریتی دەبن لە سامسۆنگ، ئێس کەی گرووپ و هیۆندای مۆتۆر گرووپ.
سەبارەت بە هەوڵەکانی لی بۆ ئەوەی کۆریای باشوور ببێتە یەکێک لە سێ زلهێزە سەرەکییەکەی جیهان لە بواری ژیریی دەستکرددا، هوانگ دوای راگەیاندنەکەی رۆژی هەینی، ئامانجەکەی بە "ئامانجێکی گەورە" وەسف کرد.
بەڵام گوتیشی: "هیچ هۆکارێک نییە کە کۆریا نەتوانێت بەدەستی بهێنێت، ئێوە تەکنەلۆجیاتان هەیە، شارەزایی نەرمەواڵاتان هەیە و هەروەها توانایەکی سروشتیتان هەیە بۆ دروستکردنی کارگە."
ئەمریکا، کە هاوپەیمانێکی سەربازیی سەرەکییە، نزیکەی 28 هەزار و 500 سەربازی لە کۆریای باشوور جێگیرکردووە بۆ یارمەتیدانی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەکانی کۆریای باکوور.
لی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆریای باشوور لەم کاتەدا "1.4 هێندەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ساڵانەی کۆریای باکوور" تەنیا بۆ بەرگری خەرج دەکات و "لە پلەی پێنجەمدایە لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی هێزی سەربازییەوە."
لە رووی تەکنیکییەوە، سیئۆل و پیۆنگیانگ هێشتا لە دۆخی جەنگدان، چونکە جەنگی کۆریای 1950-1953 بە ئاگربەست کۆتایی هات، نەک بە پەیماننامەی ئاشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ