رووداو دیجیتاڵ
سەرما، تاریکی، وێرانی و ئاوارەیی، چیرۆکی دانەبڕاوی دانیشتووانی ئۆکراینایە. پاشماوەی بۆردوومانە ناوبەناو و لەناکاوەکانی رووسیا لە شوێنە جیاوازەکانی کیێڤ دەبیندرێن؛ دیمەنێک کە لە دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
شاریقا ئیبراهیمۆڤ، دانیشتووی شارەکەیە و دەڵێت، "ئێمە لە ماڵەوە بووین، هەموو شتێک بێدەنگ بوو. لەناکاو لە شەودا تەقە دەستیپێکرد. دەنگی تەقەکردنەکە ئەوەندە بەرز بوو، سەرمان بە دەستەکانمانەوە گرتبوو، پێمانوابوو ماڵەکەمان کراوەتە ئامانج. پاشان تەقەیان کرد، تەقەیان کرد، تەقەیەکی زۆریان کرد. دەمانبیست و واماندەزانی تەواو بوو، بەڵام جارێکی دیکە دەستیپێدەکردەوە. تاوەکو بەیانی بەو شێوەیە بەردەوام بوو. ترسناک بوو".
دیڤۆنۆ پادۆلیڤ، دانیشتووێکی دیکەی شارەکەیە و دەڵێت، "ئێمە باوەڕمان بە دانوستان نییە، ئەوان هیچ ناکەن. تەنیا هەوڵ دەدەن ئێمە رازی بکەن کە خۆمان بەدەستەوە بدەین و تەواو. کەس باوەڕیان پێ ناکات. چەند کوڕ مردن؟ چەند کەس مردن بۆ ئەوەی ئێمە ئێستا دەستبەرداری ئەم هەموو خاکە بین؟ کەس نایەوێت. ئەو کەسانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە دێنە ئێرە، هێشتا دەیانەوێت لەسەر خاکی خۆیان بمێننەوە و بژین. ئەم هەموو مردنە لەپێناو چی بوو؟"
نزیکەی 4 ساڵە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵگیرساوە، شەڕێک کە بووەتە هۆی مردنی سەدان هاووڵاتیی سڤیل. ئێستا بە نێوەندگیریی ئەمریکا هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ چڕ بوونەتەوە، بەڵام خەڵک بێهیوان.
نادیا کاڤالسکا، هاووڵاتییەکی ئۆکراینییە و باس لەوە دەکات، "من پێم وایە بۆ ئۆکراینا باشترین بژارە دانوستانە بە شێوەیەکی دروست، بەڵام بەو جۆرەی من تێگەیشتووم، ئێستا دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و هەموو ئەوەی دەیبینم بەتەواوی نادادپەروەرییە بۆ خەڵکی ئۆکراینا و بۆ منداڵانی ئۆکراینا."
ئانتۆنیۆ کرۆسڵا دانیشتووێکی دیکەی کیێڤە و لەبارەی دانوستانەکانەوە دەڵێت، "من زۆر لە سیاسەت نازانم، بەڵام دەبینم هەندێک پێشکەوتن هەیە و دانوستانەکان بەڕێوەدەچن. من نزا بۆ سنوورەکانمان دەکەم."
ئاناتۆلی لە کیێڤ دەژیێت و باس لەوە دەکات، "سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاشتی، پێم وایە پێویستە کەمتر بیر بکەینەوە و لەسەر شتێک رێکبکەوین. ئێمە حوکمی ئەم جیهانە ناکەین."
لە دەستپێکی ساڵی 2025ـدا، ترەمپ و ئیدارەکەی هەوڵی راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەدەن؛ تاوەکو ئێستا 5 جار لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ هەردوولا کۆبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ