رووداو دیجیتاڵ
چوار ساڵ جەنگی بەردەوام، ئۆکراینای کردووەتە تاقیگەیەکی گەورەی دروستکردنی چەک. ئێستا لە دۆنێتسکەوە درۆنێکی دروستکراوی ناوخۆیی بەناوی "ماگۆرا" بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هێزەکانی رووسیا، کە توانای هەیە لە ئاسمانەوە زەوی لەژێر پێی سەربازاندا مینڕێژ بکات.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، پیشەسازیی سەربازیی ئۆکراینا گەشەی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر لە 10 جۆری جیاوازی درۆن لە ناوخۆی وڵاتەکە بەرهەم هێنراون. یەکێک لە دیارترین ئەو درۆنانە "کۆلیدا"ی جۆری (ماگۆرا)یە، کە بەپێی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی دەتوانێت 12 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت، تاوەکو بەرزیی 500 مەتر بفڕێت و مەودای 12 کیلۆمەتر ببڕێت.
لە دووریی 20 کیلۆمەتر لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە شاری (پاکرۆڤسک)ی هەرێمی دۆنێتسک، تیمێکی تایبەتی سەربازانی ئۆکراینا سەرقاڵی ئامادەکردنی هێرشێکی ئاسمانین. ئەوان پشت بە تەقەمەنی ستاندارد نابەستن، بەڵکو دەستکاری مینەکان دەکەن.
ناژداک، فەرماندەی تیمەکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە دیزاینی تەقەمەنییەکان دەکەینەوە، چونکە ئەو تەقەمەنییە ستانداردەی کە پێمان دەدرێت وەک خۆی گونجاو نییە بۆ فڕێدان لە سەرەوە بۆ خوارەوە."
بە گوێرەی قسەی ئەو فەرماندەیە، ئەوان سوود لە مینی 82 ملیمەتر وەردەگرن. ناژداک دەڵێت: "ئێمە لە مینەکانی 82 ملم کە لە بەرەکانی شەڕدا خۆیان بە باشی سەلماندووە، تەقەمەنیی کاریگەر دروست دەکەین، بە باشی دەتەقێنەوە و زیانێکی بەرچاو دەگەیێنن، هەروەک چۆن ئێمە دەمانەوێت."
تیمە ئۆکراینییەکە دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە و پەیوەندیکردن بە سەربازانی هێڵی پێشەوە و تیمەکانی چاودێرییەوە، درۆنەکە ئاراستەی ئامانجەکەیان دەکەن. یەکێک لە تاکتیکە نوێیەکانی ئەم تیمە، بریتییە لە "مینڕێژکردنی رێگاکان" لەڕێگەی درۆنەوە، بەتایبەت کاتێک ئامانجێکی راستەوخۆ دیار نەبێت.
فەرماندەی تیمەکە دەڵێت: "ئێمە دەتوانین راستەوخۆ توخمە کاریگەرییەکان وەک بۆمب، پارچە سووتێنەرەکان و هاوشێوەکانی دابەزێنین و مین دابنێین."
سەبارەت بە گرنگیی ئەم تاکتیکەش ئاماژەی بەوە کرد: "دانانی مین شێوازێکی زۆر کاریگەرە لەمڕۆدا، بە تایبەت کاتێک هیچ ئامانجێکی دەستبەجێ و گەرم بۆ بەشداریکردن نییە. ئێمە رێگاکانی پێشڕەوی دووژمن دەزانین و پێشوەختە مین دادەنێین، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە پێشڕەویکردن لە هێڵی پێشەوە و یارمەتی زۆری هێزی پیادەمان دەدات."
بە گوێرەی راپۆرتە مەیدانییەکان، ئەگەرچی لە بەرەکانی شەڕ دەیان جۆری چەک و مووشەک و تۆپهاوێژ هەن، بەڵام بە گوتەی فەرماندە و سەربازانی ئۆکراینی، ئێستا ئەوە "درۆنەکانن" کە حوکم بەسەر دۆڕان و بردنەوەی شەڕەکەدا دەکەن و بوونەتە چەکی یەکلاکەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ