ئۆکراینا قوتابخانەیەک دروست دەکات بەرگەی مووشەک بگرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
یەکێک لە هێرشە وێرانکەرەکانی رووسیا بە ئامانجگرتنی قوتابخانەکەی ئۆکراینا بوو.
یەکێک لە هێرشە وێرانکەرەکانی رووسیا بە ئامانجگرتنی قوتابخانەکەی ئۆکراینا بوو.
نیشانەکردن رووداو لە ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوندی ستاری ساڵتیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کە تەنیا 40 کیلۆمەتر لە شاری خارکیڤ و 15 کیلۆمەتر لە سنووری رووسیا و بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دوورە، بەردەوام لەژێر بۆردوماندایە.
 
یەکێک لە وێرانکەرترین بۆردوومانەکانی رووسیا لەم ناوچەیە، بە ئامانجگرتنی قوتابخانەیەک بوو؛ تەنیا کاژێرێک پێش هاتنی قوتابییان، قوتابخانەکە بە پێنج درۆنی شاهید وێران کرا. دوای ئەو رووداوە، بەرپرسانی ناوچەکە بڕیاریاندا پەناگەیەکی تایبەت بۆ قوتابییان و پاراستنی گیانی خەڵک دروست بکەن.
 
رووبەری ئەم پەناگەیە 1500 مەترە و کۆمپانیایەکی ئۆکراینی بە پاڵپشتیی دارایی حکومەت جێبەجێی دەکات، کە توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 400 کەسی هەیە.
 
ئەندری دیمیترێنکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئێستا 5 مەتر لەژێر زەویین. سەقفی سەرەوەمان 80 سانتیمەتر کۆنکرێتە و 80 سانتیمەتری دیکە خاکی بەسەردا کراوە. ئەم سەقفە دەبێت بەرگەی لێدانی مووشەکی جۆری ئێس 300 بگرێت. سیستەمی هەواگۆڕکێ، ئاگرکوژێنەوە، کارەبای یەدەگ و ئاوی بۆ دابینکراوە و هەموو شتێکی پێویستی تێدایە بۆ مانەوەیەکی درێژخایەن و سەلامەت".
 
کارکردن لەم پەناگەیە لە مانگی 5ـی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو مانگی 1ـی 2026 ئامادە بێت. پەناگەکە دەبێتە شوێنی خوێندنی 200 قوتابی ناوچەکە و پۆلی تایبەتیان بۆ ئامادە دەکرێت. ئێستا 45 کرێکار کە 5ـیان ژنن، شەو و رۆژ کاری تێدا دەکەن.
 
ئانیا، کە یەکێکە لە کرێکارەکان دەڵێت: "وەکو دایکێک، سەلامەتیی منداڵەکانم دەوێت. بڕیارە منداڵەکان لێرە بخوێنن، چونکە ئارام و سەلامەت دەبێت. ئێستا دۆخەکە ترسناکە، بەتایبەتی لەگەڵ تەقینەوە زۆرەکانی ئەم دواییە، بەڵام منداڵەکان لێرە پارێزراو دەبن".
 
بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومان و بوونی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە، خەڵکێکی کەم لە گوندەکە ماونەتەوە و جگە لە کڕینی پێداویستیی رۆژانە، زۆر بە کەمی هاتووچۆ دەکەن.
 
گۆردیێنکۆ کۆنستانتین، جێگری سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی خارکیڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر لە ستاری ساڵتیڤ نزیکەی 4000 کەس دەژیان، بەڵام ئێستا تەنیا 1500 کەس ماون. کارەبا و ئاو هەیە، بەڵام بەهۆی تۆپباران و کاری چاککردنەوەوە پچڕان زۆر روودەدات. سەبارەت بە خواردن، هێشتا هەندێک دووکان کار دەکەن، بەڵام هەموو مانگێک لەلایەن رێکخراوێکی خێرخوازییەوە پاکێجی خۆراک وەردەگرین و بەم شێوەیە پاڵپشتیی دانیشتووانی ناوچەکە دەکەین".
 
دۆخی تایبەتی جەنگ لە بەشی باکوور و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا وایکردووە پەناگەی زیاتر دروست بکرێن و خەڵک ناچاربن ژیانی رۆژانەیان لەژێر زەوی بەڕێ بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە