پووتین بۆ دانوستاندنی بەرگری و بازرگانی لە هیندستانە

04-12-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا بۆ ماوەی دوو رۆژ گەیشتە هیندستان و ئامانجی سەردانەکەشی پتەوکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانە، ئەمەش لە کاتێکدایە نیودەلهی لەژێر گوشاری تووندی ئەمریکادایە بۆ ئەوەی کڕینی نەوت لە مۆسکۆ راگرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەیشتە نیودەلهی. نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە فڕۆکەخانە لەسەر فەرشی سوور پێشوازی لێکرد، باوەشی پێداکرد و پێکەوە بە یەک ئۆتۆمبێل بەرەو شوێنی مانەوەی بەڕێکەوتن.
 
ئەمە یەکەم سەردانی پووتینە بۆ هیندستان لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا. لەم سەردانەدا ئەندرێ بێلۆسۆڤ، وەزیری بەرگریی رووسیا یاوەریی دەکات و پێشبینی دەکرێت گفتوگۆ لەسەر گرێبەستی فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بکەن.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی ئیندیا تودەی، پووتین دڵخۆشیی خۆی بە بینینی "مۆدیی هاوڕێی" دەربڕی و رایگەیاند: "قەبارەی پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ هیندستان زۆر گەورەیە"، ئاماژەی بە دروستکردنی کەشتی، فڕۆکە، وزەی ئەتۆمی و گەڕان لە بۆشایی ئاسمان کرد.

 

 
 
لەلایەکی دیکەوە، مۆدی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی خۆی و پووتینی لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "دڵخۆشم بە پێشوازیکردن لە هاوڕێم سەرۆک پووتین". بڕیارە ئێوارەی پێنجشەممە مۆدی ئێوارەخوانێکی تایبەت بۆ پووتین ساز بکات و رۆژی هەینی کۆبوونەوەی لوتکە بکەن.
 
هاوسەنگی لە نێوان ترەمپ و پووتین
 
پەیوەندییە بازرگانییەکان تەوەرێکی سەرەکیی سەردانەکە دەبن، لەکاتێکدا هیندستان هەوڵ دەدات هاوسەنگیی دیپلۆماسی بپارێزێت. لەلایەک پشت بە هاوردەکردنی نەوتی رووسیا دەبەستێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تووڕە نەکات، بەتایبەت لە کاتی دانوستانەکانی ئێستا لەسەر باج و گومرگ.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ فراوانکردنی گرێبەستی سیستمی بەرگریی S-400ـی رووسی "شوێنێکی گرنگی لە ئەجێنداکەدا هەیە". میدیاکانی هیندستانیش باسیان لەوە کردووە رەنگە مۆسکۆ پێشنیازی بەرهەمهێنانی هاوبەشی فڕۆکەی جەنگیی Su-57 بکات
سەردانەکەی پووتین دوای ئەوە دێت کە مانگی ئاب، دۆناڵد ترەمپ بەهۆی کڕینی نەوتی رووسیاوە گومرگی 50%ـی خستە سەر بەشێکی زۆری کاڵاکانی هیندستان. واشنتن دەڵێت داهاتی ئەو نەوتە دەچێتە خزمەتی جەنگی دژی ئۆکرایناوە.
 
بازرگانی و چەک
 
هیندستان یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی چەک لە جیهاندا و رووسیاش دابینکاری سەرەکیی چەکەکە بووە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی ستۆکهۆڵم، پشکی رووسیا لە هاوردەی چەک بۆ هیندستان لە 76%ـەوە لە ساڵانی 2009-2013 بۆ 36% لە ساڵانی 2019-2023 دابەزیوە.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی رایگەیاندووە، پێویستە چارەسەرێک بۆ "ناهاوسەنگیی بازرگانی" بدۆزرێتەوە. قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە 68.7 ملیار دۆلار، بەڵام هەناردەی هیندستان تەنیا 4.88 ملیار دۆلارە.
 
نەندان ئونیکریشنان، لە دەزگای توێژینەوەی ئۆبسێرڤەر لە نیودەلهی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "رەنگە کڕینی وزە بەهۆی گوشاری ئەمریکاوە کەمبێتەوە، بەڵام ئاراستەی گشتیی پەیوەندییەکان دەمێنێتەوە، چونکە هەردوو وڵات لە رووی ستراتیژییەوە پێویستیان بە یەکدییە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل.

سەرۆکی بەڕازیل: ترەمپ بووەتە هاوڕێم و نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەکەم

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروستکردووە و دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بکات بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەرەکەدا بگرێت.