رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەنجامی پێکدادانی گرووپە چەکدارەکانەوە، زیاتر لە 400 گەشتیاری بیانی لە دوورگەی سوقوترا لە یەمەن گیریان خواردووە، کە بەشێکیان خەڵکی رووسیان. بەرپرسانی دوورگەکەش داوا دەکەن فڕۆکەخانە تێکەڵی ململانێکان نەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی لەنێوان گرووپە چەکدارە رکابەرەکان کە لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێن، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ نێوەوە و دەرەوەی یەمەن سنووردار کراون.
یەحیا بن عەفرار، جێگری پارێزگاری سوقوترا بۆ کاروباری رۆشنبیری و گەشتیاری، ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2025 رایگەیاند: "زیاتر لە 400 گەشتیاری بیانیمان لایە و بەهۆی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گیریان خواردووە."
هاوکات بەرپرسێکی دیکەی دوورگەکە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ژمارەکەی بە وردی بۆ ئاژانسەکان ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێستا 416 بیانی لە نەتەوە جیاوازەکان گیریان خواردووە، کە زیاتر لە 60ـیان گەشتیاری رووسین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی بریکارێکی گەشتیاریش لە دوورگەکە، جگە لە رووسییەکان، لانیکەم دوو گەشتیاری چینی لەنێو ئەوانەدان کە رێگەی گەڕانەوەیان لێ داخراوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەشێوەیەکی ئاسایی هەفتانە سێ گەشتی ئاسمانی لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیماراتەوە گەشتیارانی دەگەیاندە دوورگەکە، بەڵام لە کۆتایی مانگی رابردووەوە باری نائاسایی راگەیێندراوە و گەشتەکان راگیراون.
بەرپرسانی دوورگەکە داوا دەکەن گەشتەکان دەستپێبکەنەوە و "فڕۆکەخانە لە ململانێ سیاسییەکان بەدوور بگیرێت."
گیرخواردنی ئەو گەشتیارانە لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ یەمەن بە گشتی و دوورگەی سۆکۆتراش قەدەخە کرد.
دوورگەی سوقوترا دەکەوێتە زەریای هیندی و نزیکەی 350 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی یەمەنەوە دوورە، بەهۆی سرووشتە دەگمەنەکەیەوە بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و تاوەکو ئێستا تا رادەیەک لەو شەڕە بەدوور بووە، کە ناوخۆی یەمەنی وێران کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ