رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەسەڵاتێکی نوێی بۆ هێزە ئەمنییەکان دەرکردووە کە رێگەیان پێدەدات دەستبەسەر مۆبایلی کۆچبەراندا بگرن. ئامانج لە بڕیارەکە دەرهێنانی زانیارییە بۆ گەیشتن بە قاچاخچییەکان، رێکخراوەکانیش بە "پێشێلکاری" ناوی دەبەن.
لە ئەمڕۆ دووشەممەوە بەرپرسانی بەریتانیا دەسەڵاتێکی نوێی هاوشێوەی یاساکانی دژەتیرۆر جێبەجێ دەکەن، کە رێگەیان پێدەدات لە سەنتەری (مانستن) دەست بەسەر مۆبایل و سیمکارتی ئەو کۆچبەرانەدا بگرن، کە بە بەلەمی بچووک دەگەنە وڵاتەکە، ئەمەش بەبێ فەرمانی دادگا.
ئەم کارە بەپێی یاسای "پڕۆژەیاسای ئاسایشی سنوور" دەکرێت. دەسەڵاتداران دەیانەوێت لە رێگەی دەرهێنانی داتای نێو مۆبایلەکان وەک نامە، لیستی ناوەکان، شوێنە جوگرافییەکان "Location" زانیاری لەبارەی تۆڕەکانی قاچاخچییەکان دەستبخەن.
ئەلێکس نۆریس، وەزیری ئاسایشی سنووری بەریتانیا دەڵێت: "بەڵێنمان دا کە کۆنترۆڵی سنوورەکانمان بگەڕێنینەوە، ئەمەش واتە رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی کە لەپشت ئەم بازرگانییە کوشندەیەوەن."
ئەم هەنگاوەی حکومەتەکەی کییەر ستامەر دوای ئەوە دێت، کە ساڵی رابردوو زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک گەیشتنە بەریتانیا، کە دووەم بەرزترین ئامارە لە ساڵی 2018ـەوە. هەروەها وەک وەڵامێکە بۆ زیادبوونی جەماوەریی پارتی ریفۆرمی نایجڵ فاراج، کە دژی کۆچبەرانە.
رێکخراوەکان یاساکە بە "دژی پەنابەران" و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەزانن. رێکخراوی "چالاکیی پەنابەران" دەڵێت: "ئەمە هێرشێکی دیکەیە بۆ سەر ئەو کەسانەی بەدوای سەلامەتیدا دەگەڕێن."
کریس فیلیپ، گوتەبێژی کاروباری نێوخۆی پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن، رێکارەکانی حکومەتی بە "گۆڕانکاریی رووکەش" ناوبرد و رایگەیاند کە کاریگەرییەکی راستەقینەیان نابێت. ئەو، داوای لە حکومەت کرد کە "کۆنترۆڵێکی راستەقینەی دۆخەکە" بکات، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بەریتانیا لە پەیماننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ بکشێتەوە.
هاوکات بەپێی پلانەکانی شەبانە مەحموود، وەزیری داد (نێوخۆ)، چەند گۆڕانکارییەک لە سیستمی پەنابەران دەکرێت، لەوانە: پێگەی پەنابەرێتی دەکرێتە کاتی و هەر 30 مانگ جارێک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی قورستر دەکرێت و رەنگە لەنێوان 10 بۆ 30 ساڵ بخایەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ