رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، پشکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەرتی نەوتی ئەمریکا لە بازاڕی وۆڵ ستریت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەدا سەرۆکی ڤەنزوێلای لەسەرکارلابرد، کە وڵاتێکی خاوەن یەدەگێکی گەورەی نەوتە.
لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕی پشکەکانی نیویۆرک، هەردوو کۆمپانیای گەورەی وزەی ئەمریکی، شێڤرۆن و کۆنۆکۆفیلیپس، پشکەکانیان بە رێژەی زیاتر لە 4% بەرزبووەوە. هاوکات، پشکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوت و گازی جیهان، 2.1% بەرزبووەوە.
ئەو بەرزبوونەوانەی کەرتی وزە یارمەتیدەربوون بۆ بەرزکردنەوەی پێنوێنە سەرەکییەکانی بازاڕی وۆڵ ستریت. بەجۆرێک، پێنوێنی داو جۆنزی پیشەسازی، کە پێکهاتووە لە 30 کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی، بە رێژەی 1.1% بەرزبووەوە و گەیشتە ئاستی 48,903.76 خاڵ.
هەروەها، پێنوێنی S&P 500، بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و لە ئاستی 6,895.94 خاڵدا مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا پێنوێنی ناسداکی تەکنەلۆژیش بە هەمان رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 23,381.70 خاڵ.
ئەم بەرزبوونەوەیەی پشکی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکا پێچەوانەی نرخی نەوتی خاو بوو، کە لە بازاڕەکانی جیهاندا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و تاوەکو رادەیەک جێگیر بوو.
شیکارانی بواری وزە رایانگەیاند، هەرچەندە وەبەرهێنانی ئەمریکی لە ڤێنزوێلا، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە، دەتوانێت لە ماوەیەکی درێژخایەندا بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات، بەڵام پێدەچێت چەندین ساڵی بوێت تاوەکو کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی جیهانیی نەوت بە روونی دەربکەوێت.
ترەمپ، لە لێدوانێکدا دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سەر ڤێنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، رایگەیاند کۆمپانیا ئەمریکییەکان "دەچنە ئەوێ و ملیاران دۆلار خەرج دەکەن بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە وێرانکراوەکەی کەرتی نەوتی ڤێنزوێلا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ