سەرۆکوەزیرانی گرینلاند وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: ئیدی بەسە

05-01-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دوای دەستوەردان لە ڤەنزوێلا، چاوی بڕیوەتە گرینلاند و دەڵێت، "بۆ ئاسایشی نیشتمانی پێویستمانە". سەرۆکوەزیرانی ئەو هەرێمە ئۆتۆنۆمییەی دانیمارکیش بە تووندی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "چیدی گوشارمان ناوێت."
 
بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی گرینلاند ببێتە بەشێک لە وڵاتەکەی، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەو هەرێمە و دانیمارک هۆشداری دەدەنە واشنتن.
 
ترەمپ درەنگی رۆژی یەکشەممە لەناو فڕۆکەی "ئێیەر فۆرس وەن" بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە لە روانگەی ئاسایشی نیشتمانییەوە پێویستمان بە گرینلاندە و دانیمارک ناتوانێت ئەو کارە بکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا وادەیەکیشی بۆ ئەو پرسە دیاری کرد و گوتی: "نزیکەی دوو مانگی دیکە خەمی گرینلاندمان دەبێت، با لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا باسی بکەین."
 
جێنس فرێدریک نیلسن، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە راستەوخۆ وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و نووسیویەتی: "ئیدی بەسە. چیدی گوشارمان ناوێت. چیدی قسەی ناڕاستەوخۆ نەبێت. چیدی خەیاڵی لکاندن نەبێت."
 
نیلسن جەختیشی کردەوە کە ئەوان دەرگایان بۆ دیالۆگ کراوەیە، بەڵام "دەبێت لە رێگەی کەناڵە دروستەکان و بە رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە رۆژی شەممە سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کاراکاس نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیرکرد. ترەمپ بە گۆڤاری (The Atlantic)ـی راگەیاندووە، بابەتی گرینلاند پەیوەستە بە بڕیاری ئەوانی دیکەوە کە "دەبێت خۆیان بیبینن"، بەڵام جەختیکردەوە کە ئەمریکا بۆ ئاسایشی خۆی "پێویستی" پێیەتی.
 
مێتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک داوای لە ئەمریکا کرد واز لە هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانەکانى بهێنێت، هاوکات یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی خۆی بۆ کۆپنهاگن دەربڕی.
 
لەلایەکی دیکەوە دوای ئەوەی ترەمپ پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە کەشتییەکانی رووسیا و چین لە کەناراوەکانی گرینلاندن، وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژی دووشەممە وەڵامی دایەوە و داوای لە واشنتن کرد "چیتر ناوبردنی هەڕەشەی چین وەک پاساوێک بۆ دەستکەوتی کەسی بەکارنەهێنێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

کۆشکی سپی: ترەمپ بژاردەی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند تاوتوێ دەکات

کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات، لەنێویاندا کردەی سەربازیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند؛ ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و دانیمارکیش هۆشداریی دەدات کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ