ترەمپ: ژمارەیەکی زۆری کوباییەکان لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا کوژراون

دوێنێ کاژێر 10:36
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کوبا دەڵێت، لە هێرشەکەی رۆژی شەممەی ئەمریکادا بۆسەر ڤەنزوێلا، 32 سەربازی کوبایی کوژراون. هاڤانا دوو رۆژ ماتەمینیی سەرتاسەریی راگەیاند.
 
ئەمە یەکەم جارە ئاماری فەرمیی زیانە گیانییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ڤەنزوێلا بڵاودەکرێتەوە.
 
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی یەکشەممە بەکاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی دووشەممە بەکاتی هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەی لە فلۆریداوە بۆ واشنتن، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەزانن، دوێنێ ژمارەیەکی زۆر کوبایی کوژران." گوتیشی، "لە لایەنی بەرامبەر مردنێکی زۆر هەبوو، بەڵام لە لایەنی ئێمە هیچ مردنێک نەبوو."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە شەوی یەکشەممە لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی کوبا خوێندرایەوە، ئەو ئەفسەرە سەربازی و پۆلیسانەی کوبا لە ئەرکێکدا بوون کە سوپای وڵاتەکە لەسەر داوای حکومەتی ڤەنزوێلا جێبەجێی دەکرد.
 
دیار نییە کوباییەکان لەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور خەریکی چی بوون، بەڵام کوبا هاوپەیمانێکی نزیکی حکومەتی ڤەنزوێلایە و ساڵانێکە هێزی سەربازی و پۆلیس بۆ هاوکاری لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەنێرێتە ئەو وڵاتە. رۆژی یەکشەممە، دەنگۆی کوژرانی ئەو کەسانە لە نێوخۆی کوبا بڵاوببووەوە.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەی رۆژی شەممەی ئەمریکادا، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی دەستگیرکران و گوێزرانەوە بۆ ئەمریکا، بۆئەوەی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پیلانگێڕییەکی "تیرۆری مادە هۆشبەرەکان" دادگایی بکرێن.
 
ترەمپ هەروەها هۆشداریی دا کە کوبا "ئامادەیە بکەوێت." گوتیشی، "نازانم چۆن خۆی رادەگرێت، بەڵام کوبا هیچ داهاتی نییە. هەموو داهاتەکەیان لە ڤەنزوێلاوە بۆ دەڕۆیشت، لە نەوتی ڤەنزوێلاوە. [لەمەودوا] هیچی بۆ ناچێت."
 
لە قسەکانیدا لەنێو فڕۆکەی "ئێیەر فۆرس وەن"، ترەمپ گوتی، ڤەنزوێلا "نەخۆشە" و پێویستی بە پشتیوانیی ئەمریکایە؛ هەروەها گوتیشی، "کۆلۆمبیاش زۆر نەخۆشە. لەلایەن پیاوێکی نەخۆشەوە بەڕێوەدەبرێت، کە حەزی لەوەیە کۆکایین دروست بکات و بە ئەمریکا بیفرۆشێت؛ بەڵام ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو کارە بکات."
 
کاتێک پرسیاری لێکرا، ئایا مەبەستی ئەوەیە ئەمریکا لە کۆڵۆمبیاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات، ترەمپ گوتی، "بە لای منەوە بیرۆکەیەکی باشە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگاییکردنی مادورۆ ناڕەزایەتییەکی زۆری لەبەردەم دادگە بەدوای خۆیدا هێنا.

دادگاییکردنی مادورۆ لە نیویۆرک جیهان دابەش دەکات؛ رووسیا و چین هۆشداری تووند دەدەنە ئەمریکا

هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا نیگەرانی لەبارەی ئاشتی جیهانی دروست دەکات، ئەم هەموو کامێرا و هێزی پۆلیس و خۆپیشاندەرانە لە دەرەوەی دادگایەکی شاری نیویۆرک دەری دەخەن دادگاییەکی چەندە نائاسایی لێرە بەڕێوە دەچێت.