وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دۆناڵد ترەمپ مەبەستی چۆڵکردنی کاتیی غەززە بوو

05-02-2025
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆکی وڵاتەکە مەبەستی لە چۆڵکردنی هەمیشەیی غەززە نەبووە، بەڵکو دەیەوێت خەڵکەکە بۆ ماوەیەکی کاتی و تاوەکو ئەو کاتەی غەززە بنیات دەنرێتەوە، کەرتەکە بەجێبهێڵن. 
 
رۆژی چوارشەممە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی داواکردنی چۆڵکردنی کەرتی غەززە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە گوتی، " داوایەکە ئەوەندە دووژمناکارانە نەبوو، بەڵکو بە بڕوای من زۆر هەنگاوێکی بەخشندانە بووە و دەیەوێت بەرپرسیارییەتی دووبارە بنیاتنانەوەی بگرێتە ئەستۆ."
 
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەیەوێت دەست بەسەر کەرتی غەززەدا بگرێت و ناوچەکە چۆڵبکرێت. 
 
دوای قسەکانی ترەمپ، حەماس لەسەر زاری سامی ئەبوو زوهرە، گوتەبێژەکەی وەڵامی دایەوە و گوتی: "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی غەززە گاڵتەجاڕانە و بێمانایە و هەر بیرۆکەیەکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی گڕتێبەردانی ناوچەکە."
 
سعودیەش کە یەکێک لە لایەنە سەرەکی، گرنگ و کاریگەرەکانی پەڕاوی فەلەستینە، جەختی لە هەمان هەڵوێستی پێشووی خۆی کردەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێكیدا گوتی: "هەڵوێستی شانشینی سعودیە سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نەگۆڕە و جێگەی دانوستاندن و سازش نییە؛ بە تووندی دژی دەستگرتن بەسەر زەوینی فەلەستینییەکان و هەوڵدان بۆ دەرکردنیان لە خاک و زەوییانین. گەلی فەلەستین دەست بە زەوی خۆیدا دەگرێت و جێی ناهێڵێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ "ئامادەیی دەربڕی بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی کەرتەکە، پاککردنەوەی ناوچەکە لەو وێرانکارییە و هەموو بۆمبە نەتەقیوەکان."
 
مارۆکۆ رۆبیۆ دەڵێت، ئەگەر ناوچەکە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری خەڵکەوە کاری تێدا بکرێت، خەڵکی کەرتەکە ناتوانن بەوشێوەیە لەوێ بژین. هەروەها دەشڵێت، "ترەمپ دەیەوێت پشتگیریی دووبارە بنیاتنانەوەی ماڵ و بازرگانی ناوچەکە بکات بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "زۆر بە روونی باس لەوە کراوە کە ئەمریکا پێویستە بەشداربێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی غەززە بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لە سەقامگیریی ناوچەکە."
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی ئەوەی لە کاتی بنیاتنانەوەی غەززە، سەربازی ئەمریکا دەچنە نێو کەرتەکە گوتی، "بەشداریکردنی ئەمریکا لە بنیاتنانەوەی کەرتەکە مانای ئەوە نییە سەربازی ئەمریکا بچنە نێو کەرتەکە یان باجدەرانی ئەمریکا پارە بۆ ئەم مەبەستە دابین بکەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە چین 70 هەزار قاوەخانە هەن.

چین؛ خواردنەوەی قاوە 150٪ زیادی کردووە

کولتووری قاوەخواردنەوە لە چین گەشەی سەندووە؛ گەنجان وردە وردە روو لە قاوەخانەکان دەکەن و وڵاتەکە 70 هەزار قاوەخانەی تێدایە.