زیلینسکی: زیاتر لە 45 هەزار سەربازمان لە جەنگدا کوژراون

05-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار سەربازیان لە جەنگی رووسیادا کوژراون. لەبارەی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکاش کە داوای کانزا بەنرخەکانی ئۆکراینا لە بەرامبەر هاوکاریکردنیان دەکات، دەڵێت، پێشوازی لەو پێشنیازە دەکەن.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لە شوباتی 2022ەوە 45 هەزار و 100 سەربازیان لە جەنگی رووسیادا کوژراون و 390 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ رووسیا دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئەگەر ئەمە تەنیا رێگە بێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئۆکراینا بتوانن لە ئاشتیدا بن و چیدیکە نەکوژرێن، ئەوا ئامادەین بۆ ئەو رێگەیە."
 
زیلینسکی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر باوەڕمان بە رێگەی دیپلۆماسی هەبێت، پێموایە ئامادەین بۆ ئەو جووڵەیە و پێویستە ئەمریکا، ئەورووپا (یەکێتیی ئەورووپا)، رووسیا و ئۆکراینا بەشداری بکەن."
 
رووسیا چەند مەرجێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هەیە؛ دیارترینیان مانەوەی ئەو بەشەی خاکی ئۆکراینایە لە دەستی وڵاتەکەی کە ئێستا کۆنترۆڵی کردووە؛ هەروەها نەبوونە ئەندامی ناتۆی ئۆکراینایە. کیێڤ هەردوو مەرجەکە رەتدەکاتەوە.
 
بەشێکی دیکەی گوتەکانی زیلینسکی پەیوەندیدار بوون بە پاڵپشتییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئاماژەی بەوە کرد، پاڵپشتییەکان وەکو پێویست نەبوون بۆئەوەی بتوانن هێزەکانی رووسیا لە خاکی وڵاتەکەیان دەربکەن.
 
دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆئەوەی بتوانن لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ئۆکراینا بەردەوام بن، پێویستە کیێڤ رێگەیان پێبدات سوود لە کانزا بەنرخ و دەگمەنەکانی ئەو وڵاتە وەربگرن.
 
زیلینسکی پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو پرسە پیشاندا و پێشوازیی لێکرد.
 
سێشەممەی رابردوو، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئامادەن گفتوگۆی ئاگربەست لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا بکەن، بەڵام ئەو کەسە نابێت زیلینسکی بێت، چونکە سەرۆکێکی بەسەرچووە. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، سەرۆکی رووسیا لە گفتوگۆ "دەترسێت."
 
بەهۆی جەنگەوە ئۆکراینا هیچ هەڵبژاردنێکی لە ساڵی 2022ەوە نەکردووە. کیس کێلۆگ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ ئۆکراینا لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەوە ئاساییە، چونکە دەستووری ئۆکراینا رێگەی بەمە داوە؛ مەبەستەکەی یاسای سەربازییە. 
 
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، دەیەوێت بە زووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە