راپرسییەک: هیچکام لە پارتەکانی ئەڵمانیا 30%ی دەنگەکان بەدەستناهێنن

05-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەمتر لە سێ هەفتە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوە و راپرسییەکی نوێ دەڵێت، پاڵپشتیکردنی ئەڵمانییەکان لە پارتە پارێزگارەکانی ئەو وڵاتە بە رێژەی 2% کەمیکردووە.
 
رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025، دامەزراوەی فۆرسە (forsa)ی ئەڵمانی نوێترین راپرسیی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتە بڵاوکردەوە. 
 
راپرسییەکە لە رۆژانی 28ی کانوونی دووەم تاوەکو 3ی شوبات ئەنجام دراوە و 2000 کەس بەشدارییان تێدا کردووە.
 
بەگوێرەی راپرسییەکە، پشتگیری لە پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) و هاوپەیمانەکەی کە پارتی یەکێتیی سۆسیال کریستیان (CSU)ـە، بە رێژەی 2% کەمبووەتەوە.
 
لە دوایین راپرسی، کە دامەزراوە ئەڵمانییەکە لە 14ی مانگی رابردوو کردبووی، هاوپەیمانی CDU/CSU نزیکەی 30%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم راپرسییەدا بۆ 28% کەمیکردووە.
 
ئەوەی کە پەیوەندیی بە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هەیە، راپرسییەکە دەریدەخات کە ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت، ئەو پارتە نزیکەی 20%ی دەنگەکان دەباتەوە.
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پارتێکی راستڕۆ، تووندڕۆ، دژە موسڵمان و دژە کۆچبەرە. 
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیاش نزیکەی 16%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
 
هەرچی سەوزەکانیشن کە لە راپرسییەکەی پێشوودا 14%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو؛ لەم راپرسییەدا 15%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. 
 
پارتی چەپی ئەڵمانیاش خاڵێکی زیاد کردووە و 5%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە؛ پارتی ئازادیی ئەڵمانیاش 4%ی دەنگەکان.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا رۆژی 23ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت؛ 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنەدا هەیە و 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ناسراو بە "بوندستاگ"، هەڵدەبژێرن.
 
رۆژی 27ی کانوونی یەکەمی 2024 فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، "21ـەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 23ی شوباتی داهاتوو دەکرێت."
 
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە دوای ئەوە هات، رۆژی 16ی هەمان مانگ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا شکستیهێنا لەوەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە.
 
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە پرسە یەکلاییکەرەوەکانی ئەڵمانیا. بەگوێرەی دوایین راپرسیی میدیای ئەو وڵاتە، دوو لەسەر سێی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا پاڵپشتیی تووندکردنی سنوورەکان بەرامبەر کۆچبەران دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی سوێد لە شوێنی رووداوی تەقەکردنەکە. وێنە: Getty Images

یەکێک لە بریندارانی رووداوی تەقەکردنەکەی سوێد کوردە

تادێت زانیاریی نوێ لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی ئەم هەفتەیەی شاری (ئورێبرۆ)ی سوێد ئاشکرا دەبن. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە بەرکەوتووانی تەقەکردنەکە کوردێکە، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە