رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەکسیک دەڵێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگیان بخاتە سەر و پێویست بکات، مەکسیک بەدوای هاوبەشی دیکەی بازرگانی دەگەڕێت و پشت لە ئەمریکا دەکات.
رۆژی چوارشەممە 05-03-2025 کلاودیا شێنبۆم، سەرۆکی مەکسیک گوتی: "پێویستە بۆ داهاتووی وڵاتەکە بڕیاری گرنگ بدەین. ئەگەر پێویست بکات، بەدوای هاوبەشی دیکەی بازرگانی دەگەڕێین."
دوێنێ سێشەممە شێنبۆم گوتی، حکومەتەکەی وەڵامی پێناسە گومرگییە 25٪ـیەکەی ترەمپ دەداتەوە، داوای لە خەڵکی مەکسیکیش کرد لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری مەکسیکۆ سیتی کۆببنەوە بۆ ئەوەی وردەکارییەکانیان پێبدات.
لە هەمان کاتدا، گوتیشی حکومەتەکەیان پێشنیازی چارەسەری دانوستاندن دەکات و "پێشبینی دەکەم رۆژی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بکەم و باسی پێناسی گومرگی بکەین."
ترەمپ پێناسە گومرگییەکانی سەر مەکسیکی بە قاچاخی دەرمانی فێنتانیل و کۆچی نایاسایی بەستووەتەوە.
شێنبۆم گوتی: "مەرجە دەرگەکانی گفتوگۆ هەمیشە کراوەبن."
هەفتەی پێشوو حکومەتە چەپەکەی مەکسیک بەڵێنی دا، لەگەڵ واشنتن هەنگاوی کرداری لە دژی بەقاچاخبردنی هۆشبەر بنێن.
مەکسیک هەروەها چەندین سەرکردەی گرووپەکانی مافیا و هۆشبەری رادەستی ئەمریکا کردووەتەوە، لەوانەش سەرۆکی یەکێک لەو گرووپانە کە دەیان ساڵ بوو بە تۆمەتی کوشتنی بریکارێکی نهێنیی ئەمریکا بەدوایدا دەگەڕان.
ئەمریکا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی مەکسیکە و 80٪ـی کاڵا هەناردەکراوەکانی مەکسیک دەکڕێت.
شێنبۆم واشنتنی بەوە تۆمەتبارکرد کە لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا، پێشێلکاریی بەرامبەر رێککەوتنێکی بازرگانیی بێ باج کردووە، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ 2017-2021 دانوستاندنی لەسەر کرا و رێککەوتنەکە واژۆکرا.
سەرۆکی مەکسیک گوتی: "ئایا رەخنەمان لێدەگیرێت لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکان مەکسیک هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی کاڵاکانیان هەناردەی ئەمریکا بکرێت؟ نەخێر، ئەمە لە ئەنجامی پەیوەندیی باشی نێوان دوو وڵاتەکەیە هەر لە سەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ و ئەو رێککەوتنەی کە پێش ئەوەش کرا."
رێککەوتنەکە ناوی (رێککەوتنی ئەمریکا - کەنەدا - مەکسیک USMCA)ـە و بڕیارە تەمموزی ساڵی داهاتوو پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ