رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیارێکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتکردەوە، کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران بەبێ مۆڵەتی فەرمیی کۆنگرێس.
ئەم بڕیارە کە لەلایەن تیم کەین، سێناتۆری دیموکرات و راند پۆڵ، سێناتۆری کۆمارییەوە پێشنیاز کرابوو، داوای دەکرد سوپای ئەمریکا لە کردە سەربازییەکانی دژی ئێران بکشێتەوە، مەگەر کۆنگرێس بە فەرمی مۆڵەتی جەنگ بدات. بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمارییەکان زۆرینەی 53 بەرامبەر 47 کورسیی ئەنجوومەنەکەیان لەدەستە، توانییان بڕیارەکە پەکبخەن و پشتگیریی خۆیان بۆ بڕیارەکانی ترەمپ دووپات بکەنەوە.
دیموکراتەکان ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە شێوەیەکی "نادەستووری" کۆنگرێسی پشتگوێ خستووە. تیم کەین دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند: "هیچ بەڵگەیەک لەو ژوورەدا پێشان نەدرا کە بسەلمێنێت ئەمریکا رووبەڕووی هەڕەشەیەکی دەستبەجێی ئێران بووەتەوە."
لە بەرامبەردا، کۆمارییەکان بەرگرییان لە هێرشەکان کرد. لیندزی گراهام، یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ لە پۆستێکدا نووسی: "بۆمبە چێنراوەکانی ئێران سەدان و هەزاران ئەمریکییان کەمئەندام کردووە و کوشتووە. کاتێک دەڵێن مەرگ بۆ ئەمریکا، مەبەستیانە. من دڵخۆشم کە رێگەمان نەدا زیاتر بڕۆنە پێشەوە و مووشەکی زیاتر دروست بکەن."
ئەم دەنگدانە لە کاتێکدایە کە شەش رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگەکەدا تێپەڕیوە؛ جەنگێک کە تێیدا عەلی خامنەیی و چەندین سەرکردەی باڵای تاران و لە بەرامبەریشدا شەش سەربازی ئەمریکی لە کوێت کوژراون. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە سێناتۆرەکانیان راگەیاندووە، رەنگە ئۆپەراسیۆنەکان چەندین هەفتە بخایەنن و پێویستیان بە بودجەی فریاگوزاریی زیاتر دەبێت لە کۆنگرێس بۆ کڕینەوەی چەک و تەقەمەنی.
تەنانەت ئەگەر بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی پیرانی و نوێنەرانیش دەربچووایە، ترەمپ مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەبوو. بۆ شکاندنی ڤیتۆی سەرۆکیش، کۆنگرێس پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان دەبوو، کە لە بارودۆخی ئێستادا بەدەستهێنانی ئەو رێژەیە مەحاڵە. دیموکراتەکان دەڵێن، هەرچەندە دەزانن سەرکەوتوو نابن، بەڵام دەیانەوێت رای گشتی ئاگاداری هەڵوێستی نوێنەرەکانیان بێت لەم جەنگەدا.
ئێستا چاوەکان لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەرانە کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 05-03-2025 دەنگ لەسەر بڕیارێکی هاوشێوە بدات، لە کاتێکدا جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی گەورە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ