جیهان
دیمەنێکی گۆی زەوی کە گۆڤاری Science بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، 42 هەزار ساڵ لەمەوبەر جەمسەرەکانی زەوی پێچەوانە بوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Science بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت رەنگە 42 هەزار بۆ 41 هەزار ساڵ لەمەوبەر، جەمسەرەکانی زەوی پێچەوانە بووبێتنەوە و بەو هۆیەوە کێشەی ژینگەیی و گۆڕانی کەشوهەوا روویدابێت و سەرەنجام قڕبوونی بەکۆمەڵی لێکەوتبێتەوە.
لێکۆڵینەوەکە پشتی بە پشکنینی قەدی جۆرە درەختێکی زەبەلاحی نیوزلەندا بەستووە، کە پێیدەگوترێت کاوری kauri. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، کە لە لایەن 34 زانا و پسپۆڕی نیوزلەندی، ئوسترالی و ئەمریکی و چەند وڵاتێکی دیکە کراوە، پشکنینەکە پێشانیدەدات، ماددەی کاربۆن-14 لە بەرگەهەوای زەویدا زیادیکردووە و لە کاتی لاوازبوونی هێزی بواری موگناتیسیدا، پێش پێچەوانەبوونەوەی جەمسەرەکان، ماددەکە گەیشتووەتە لووتکە.
تیمی لێکۆڵەران گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "لاوازبوونی بواری موگناتیسیی" زەوی بووەتە هۆکاری دروستبوونی گۆڕانکاریی گەورە لە چڕبوونەوەی ئۆزۆندا، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کێشەی گەورەی ژینگەیی و کەشوهەوا لە سەرانسەری گۆی زەویدا رووبدات، سەرەنجام زیندەوەرەکانی سەر زەوی رووبەڕووی قڕبوونی بەکۆمەڵ بوون.
لێکۆڵەران جەختدەکەنەوە ئەمە یەکەمین لێکۆڵینەوەیە پێچەوانەبوونەوەی جەمسەرەکان بە گۆڕانی ژینگەیی و کەشوهەوا ببەستێتەوە.
بۆ لێکۆڵینەوەکەیان، لێکۆڵەران پشکنینی کاربۆن-14یان بۆ چوار داری بەبەردبووی زۆنگاوێکی ناوچەی ناگاوها سپرینگزی باکووری نیوزلەندا کردووە.
پشکنینی کاربۆن-14 یاخود رادیۆکاربۆن بریتییە لە دۆزینەوەی تەمەنی بەبەردبووەکان لە رێگەی دۆزینەوەی راددەی کاربۆن-14 لە نێو بەبەردبووەکاندا. تیمەکە وردبووەتەوە لەوەی چۆن گۆڕانی بواری موگناتیسی کاری لە کەشوهەوای بەرگەهەوای زەوی کردووە.
ئەنجامەکەیان پێشانیدەدات، لە ئەنجامی لاوازبوونی بواری موگناتیسیی زەوی، گەردی بارگەداری زیاتر هاتوونەتە نێو بەرگەهەواوە و لە ئەنجامدا ئۆکسیدی هایدرۆجین و ئۆکسیدی نایترۆجین زیادیانکردووە.
ئەو دوو ئۆکسیدەش دەستیانکردووە بە کارلێککردن لەگەڵ ئۆزۆن، سەرەنجام ئۆزۆن لاواز بووە. نەمانی ئەو چینە پارێزەرەی بەرگەهەوای زەویش وایکردووە زیندەوەرانی سەرزەوی بکەونە بەر تیشکی سەروو وەنەوشەیی.
ئەم گۆڕانکارییانە هەروەها بوونەتە هۆی ئەوەی، چینەکانی بەرگەهەوا نەتوانن تیشکی خۆر بمژن، ئەوەش بووەتە هۆی ساردبوونەوەی هەسارەی زەوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ