مافەکانی مرۆڤی UN داوای وەستاندنی هەناردەی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات

05-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی هەرە باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی، بڕیارنامەیەکی پەسندکرد کە تێیدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات ناردن و فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل بوەستێنن. 
 
ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ 47 ئەندامی هەیە و لە کۆبوونەوەکەدا بە 28 دەنگی بەڵێ و 6 دەنگی نەخێر بڕیارنامەکەی پەسندکرد؛ 13 ئەندامیش دەنگیان نەدا. 
 
هەنگاوەکە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل بەربەستی بۆ گەیشتنی ئاو و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ نێو غەززە دروستکردووە. 
 
بڕیارنامەکە داوا لەو لێکۆڵەرە سەربەخۆیانە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانییان دەکات، لە هەر بارێکی چەک، تەقەمەنی و ئەو شتانەی بە دوو جۆری سڤیل و سەربازی بەکاردەهێنرێن، ئاگاداریان بکەنەوە تاوەکو رێگرییان لێ بکرێت پێش ئەوەی لە لایەن ئیسرائیلەوە دژی فەلەستینییەکان بەکاربهێندرێن. 
 
وێڕای ئەوەی پابەندکەر نییە، بڕیارنامەکە ئەو گوشارە نێودەوڵەتییە لەسەر ئیسرائیل زیاد دەکات کە بەهۆی هێرشەکانییەوە بۆ سەر غەززە لەسەری دروستبوون. 
تاوەکو ئێستا، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 33 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بەهۆی مووشەک، تانک، تۆپ و تەقەی راستەوخۆی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
 
لە دەنگدان بە بڕیارنامەکە، وڵاتانی رۆژئاوا ناکۆک بوون. ئەمریکا و ئەڵمانیا دژی بوون، فەرەنسا و ژاپۆن دەنگیان نەدا، بەڵام بەلجیکا، فینلاند و لۆکسمبۆرگ دەنگیان پێدا. 
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانەکە، باڵیۆزی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکە تەواو ناکات و گوتی، بڕیارنامەکە "پەڵەیەکە بەسەر ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ و هەموو نەتەوە یەکگرتووەکانەوە".
 
مەعیراف شەحار، باڵیۆزی ئیسرائیل لەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی، "ئەم ئەنجوومەنە لە زووەوە وازی لە خەڵکی فەلەستین هێناوە و بەرگری لە حەماس دەکات و بووەتە قەڵخان بۆ تیرۆریستان. ئەم ئەنجوومەنە چاوی لە ئاست هەموو تووندوتیژییەکانی دژی ئیسرائیل و جووەکان نووقاندووە." 
 
شەحار بە دیاریکراویش نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەو وڵاتە ئەوروپیانە دەربڕی کە دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا. 
 
پێش دەنگدانەکە، ئیبراهیم خرەیشی، باڵیۆزی فەلەستین لە ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، دۆخی مرۆیی غەززە "کارەساتبارە" و داوای لە باڵیۆزەکان کرد "لە خەو هەستن و ئەم جینۆسایدە بوەستێنن کە لەسەر تەلەڤزیۆن لە سەرانسەری جیهان پیشاندەدرێت و هەزاران خەڵکی بێگوناهی فەلەستینی دەکوژرێن."
 
هێرشی ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بزووتنەوەی حەماس لە 7-10-2023دا هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم هەزار و 170 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە