رووسیا: لەنێو مۆبایلی تۆمەتبارێکی هێرشەکەی مۆسکۆ بەڵگەی تێوەگلانی ئۆکراینامان دۆزیوەتەوە

05-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی رووسیا رایدەگەیێنن، لەنێو مۆبایلی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی هێرشکارەکانی هۆڵەکەی مۆسکۆ چەندین بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە هێرشکارەکە سەر بە ئۆکراینا بووە. 
 
رۆژی هەینی، 5ـی نیسانی 2024، لیژنەی لێکۆڵینەوەی هێرشەکەی مۆسکۆ  ئەنجامی بەشێک لە کارەکانی راگەیاند و گوتی: "داتاکانی نێو مۆبایلی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی هێرشەکەی مۆسکۆ ئەوە دەردەخات، کە رۆژی 24ـی شوبات وێنەی هۆڵەکە گیراوە و بۆ کەسانی دیکە نێردراوە".
 
هەروەها لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، وێنەی چەند پیاوێک لەنێو مۆبایلی تۆمەتبارەکە دۆزراوەتەوە کە ئاڵای ئۆکراینایان بەرز کردووەتەوە. 
 
رۆژی 22-03-2024 چوار چەکدار هێرشێکیانکردە سەر هۆڵی کرۆکەسی تایبەت بە ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ. تەقەی هەڕەمەکی و تەقاندنی نارنجۆک و ئاگربەردانی هۆڵەکە بووە هۆی کوژرانی 144 کەس.
 
هەرچەند رێکخراوی داعشی خۆراسانی بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، بەڵام رووسیا چەندینجار رایگەیاندووە ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبووە.
 
رووسیا هێشتا گومان لە ئۆکراینا دەکات. سەرەتا گومان هەبوو کە ئۆکراینا هێرشەکەی کردبێت. پاشان رووسیا رایگەیاند، ئۆکراینا ئامادەکاری بۆ ئەو کەسانە کردووە تاوەکو لە رێگەی سنووری ئۆکرایناوە هەڵبێن.
 
تائێستا رووسیا 16 کەسی دەستگیرکردووە کە چواریان هێرشکارەکان بوون، کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامن، بەڵام تائێستا ئەنجامی کۆتایی رانەگەیێندراوە. 
 
'ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە'
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا چەند رۆژێک پێش ئەوەی هێرشەکەی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ رووبدات، هۆشداری دابوو. 
 
رۆژی 7ـی ئادار باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری لەبارەی بەئامانجگرتنی شوێنە گشتییەکانی مۆسکۆ دا و گوتی: "باڵیۆزخانە چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لەوەکەن پەڕگیرەکان پلانێکی نزیکی هێرشکردنیان هەیە."
 
لەبارەی ئەو شوێنانەی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دابوو رەنگە بکرێنە ئامانجی گرووپە پەڕگیرەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا رایگەیاندبوو، "پەڕگیرەکان پلانیان هەیە کە کۆبوونەوە گەورەکانی مۆسکۆ، لەنێویاندا کۆنسێرتەکان بکەنە ئامانج".
 
رۆژی 19ـی مانگی رابردووش ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەو راگەیێندراوەکەی ئەمریکا لەبارەی هۆشداری لە رووداوی هێرشکردن لەنێو رووسیادا بە "دنەدان" ناوبرد. 
 
پووتین لەبارەی هۆشدارییەکەی ئەمریکا گوتی، "ئەو دنەدانەی کە بەم دواییانە لەلایەن بەشێک لە پێکهاتە رۆژئاواییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی هێرشی تیرۆریستی لەنێو رووسیادا زیان بە کۆمەڵگەی رووسیا دەگەیێنێت".
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گرتووە.

پۆلیسی ئەڵمانیا و فەرەنسا بەدوای 'تۆڕێکی قاچاخچیی کوردی' دا دەگەڕێن؛ 13 کەسیان دەستگیرکردووە

پۆلیسی ئەڵمانی و فەرەنسی بەدوای ئەو قاچاخچییانەوەن کە بە "تۆڕێکی کوردی عێراقی' ناساندوونی. 500 پۆلیسی ئەڵمانی و 20ی فەرەنسی لە دوو ویلایەتی ئەڵمانیا بەسەر 15 ماڵ و 10 کۆگایان داداوە و 13 کەسیان دەستگیرکردووە.