ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەی میانمارەوە 3،350 کەسی تێپەڕاند

05-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی میانمار دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 354 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتەوە گیانیان لەدەستداوە. نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات وڵاتان بەهانای لێقەوماوانەوە بچن و یارمەتییان بدەن.
 
رۆژی شەممە 05-04-2025 میدیای فەرمیی میانمار رایگەیاند، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 354 کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 508 کەسیش برینداربوون. 
 
میدیای ئەو وڵاتە گوتیشی، هێشتا 220 کەس بێسەروشوێنن و چارەنووسیان دیارنییە.
 
بوومەلەرزە بەهێزەکەی 28ـی ئاداری میانمار، کە گوڕەکەی 7.7 پلەی رێختەر بوو و  بوومەلەرزەیەکی دیکەشی بە گوڕی 6.4 بەدوادا هات، چەندین باڵەخانەی رووخاند و ژێرخانە لەرزۆکەکەی زیاتر وێرانکرد.
 
هەفتەیەک زیاتر بەسەر ئەو رووداوە تێپەڕیوە و هێشتا چەندین کەسی ئەو وڵاتەی باشووری ئاسیا بێ پەناگەن و لەسەر شەقام دەخەون. بەشێکی زۆریان خانووەکانیان تەختبووە و بەشێکیشیان لە ترسی رووخان ناوێرن بچنەوە ماڵەکانی خۆیان. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو بوومەلەرزەوە، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتبێت، ئەمە جگە لەو زیانەی کە چوار ساڵە بەهۆی شەڕی نێوخۆوە بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە. 
 
تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ بەشێک لە قوربانییەکانی شاری مەندەلای لە نێوەڕاستی میانمار کۆبووەوە، کە لە چەقی بوومەلەرزەکە نزیک بوو. 
 
فلێچەر لە ئێکس نووسی: "وێرانکارییەکە زۆر گەورەیە. پێویستە جیهان پشتی خەڵکی میانمار بگرێت."
 
مین ئۆنگ هلاینگ، سەرۆکی دەسەڵاتی سەربازیی میانمار، کە دەسەڵاتی سەرۆکی وڵاتی هەیە، دوێنێ هەینی سەردانی تایلاندی کرد، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوێ کۆبووەوە و تاوتوێی زیان و قەبارەی یارمەتییەکانی کرد. 
 
لە دەرەوەی باڵەخانەی کۆبوونەوەکە، خەڵکێکی زۆر لە دژی هلاینگ خۆپێشاندانیان کرد و درووشمی "بکوژ"ـیان لە دژ بەرزکردەوە.
 
سوپاکەی هلاینگ لە 2021ـەوە دوای کودەتا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و تاوەکو ئێستا دۆخی وڵاتەکە چاکنەبووەتەوە. گرووپە چەکدارەکان و سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی بەردەوامدان.
 
دوای بوومەلەرزەکە، سوپای میانمار ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام دوێنێ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەوکاتەوەی بوومەلەرزەکە روویدا، سوپای میانمار "لانیکەم 16 هێرشی کردووە."
 
چین، هیندستان و رووسیا زوو رایانگەیاند کۆمەک پێشکێش دەکەن، تیمی فریاگوزاری و رزگارکردنیان ناردە میانمار.
 
ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو رۆژەوە لە ناردنی هاوکارییەکان بەردەوامە و داوای لە وڵاتان کرد کاری زیاتر بکەن.
 
دوێنێ هەینی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جگە لەو دوو ملیۆن دۆلارەی بۆ هاوکاریی ناردیانە میانمار، حەوت ملیۆن دۆلاری دیکە دەنێرن.
 
میانمار هاوسنووری تایلاند، بەنگلادیش، چین و بووتانە؛ دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا. یەکێکە لەو وڵاتانەی بوومەلەزەی زۆری تێدا روودەدەن. هەرچەندە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە، بەڵام تەنیا لەنێوان ساڵانی 1930 تاوەکو 1956، شەش بوومەلەرزە بەگوڕی 7 پلە و زیاتر وڵاتەکەیان هەژاندووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت