رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا دەڵێت، شەوی رابردوو رووسیا بە 92 درۆن هێرشی کردووەتە سەر چوار هەرێمی وڵاتەکە، بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی 51 یان بخاتە خوارەوە.
رۆژی شەممە 05-04-2025 هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو رووسیا بە "92 درۆنی شاهیدی ئێرانی هێرشی کرد و توانیمان 51 درۆنیان بخەینە خوارەوە."
ئۆکراینا رایگەیاند، درۆنەکان لە شارەکانی بریانسک، میلێرۆڤۆ، پریمۆرکسۆ و چاوداوە ئاراستەی ئۆکراینا کراون.
بەگوێرەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، 51 درۆنەکە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و نێوەڕاستی ئۆکراینا خراونەتە خوارەوە.
تاوەکو ئێستا زیانی گیانی رانەگەیێندراوە، بەڵام ئۆکراینا دەڵێت، هێرشە درۆنییەکە زیان و کاریگەری لە هەرێمەکانی سومی، دنیپرۆپێترۆڤسک، کیێڤ و ژیتۆمیر هەبووە.
دوێنێ هەینی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا بە مووشەک شاری کریڤی ریگی لە نێوەڕاستی وڵاتەکە بۆردوومان کردووە و بەو هۆیەوە 18 کەس کوژراون.
بەرگریی رووسیا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی سەربازیی ئۆکراینا و راوێژکارانی بیانی لە چێشتخانەیەکی ئەو شارە هەبووە و کراوەتە ئامانج."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت: "لە ئەنجامدا دووژمن 85 سەرباز و ئەفسەری وڵاتانی بیانی و 20 ئۆتۆمبێلی لەدەستدا."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە شاری کریڤی ریگ زێدیەتی گوتی: "بەم هێرشە رووسیا ئەوەی پیشاندا کە ئاگربەستیان ناوێت. ئێمە و هەموو جیهانیش ئەمە دەبینین."
سێ ساڵ زیاترە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هەردووکیان دەکات بۆ ئەوەی بە ئاگربەست رازییان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ