رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سولاوێسی لە باشووری ئیندۆنیزیا، چەند رۆژێکە لێزمەبارانە، تاوەکو ئێستا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 140 خانوو رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
مێکسیانووس بێکابێڵ، سەرۆکی تیمی فریاکەوتن دەڵێت، "تەنیا لە ناوچەی لولو، زیاتر لە 60 کەسمان رزگارکردن و حەوت کەسی دیکەشمان بە مردوویی دۆزییەوە، هێشتا زانیاری لەبارەی بێسەروشوێنبووان کۆدەکەینەوە، داوا لە هەمووان دەکەین یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانمان بەباشی جێبەجێ بکرێن."
لە ئەمریکای لاتینیش لافاو بەرۆکی ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سولی لە باشووری بەرازیل گرتووە. تاوەکو ئێستا 39 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە 450 ناوچەی ویلایەتەکە لافاو زیانی بە 200یان گەیاندووە. ئەوە جگە لەوەی 23 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
ئیدواردۆ لیێت، حاکمی ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سول: "ئەمە خراپترین کارەساتی سرووشتییە تاوەکو ئێستا لە مێژووی ریۆ گراندێ دۆ سول روویدابێت، لەوانەشە گەورەترین کارەساتی سرووشتی بێت تاوەکو ئێستا بەرۆکی وڵاتی گرتبێت. لە رۆژی دووشەممەوە 800 میلیمەتر باران باریوە کە رەنگە بگاتە هەزار ملیمەتریش."
لە کینیاش لافاو خەڵکی ناچار کرد کە بە بەلەم لەنێو شەقامەکاندا هاتووچۆ بکەن. تاوەکو ئێستا 210 کەس گیانیان لەدەستداوە و 165 هەزار کەسیش دەربەدەر بوون.
ویلیەم رووتۆ، سەرۆکی کینیا دەڵێت، "بەهۆی بەردەوامی لێزمەبارانەوە لافاوەکە بەردەوامە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 210 کەس. لافاوەکە زیانی زۆری بە موڵک و گوزەرانی خەڵک گەیاندووە، هیچ سوچێکی وڵاتەکەمان لە لافاوەکە بێبەش نەبووە."
پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لەوەی بەشێکی زۆری ئەو لافاوەی لە جیهاندا هەیە بەهۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوایە کە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی کارەساتە سرووشتییەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ