رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سەرکردەکانی ئەورووپا چەندین جار تکایان لێ کردووە تەلەفۆن بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکات، چونکە پووتین وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەوان ناداتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی راگەیاند، "دەزانی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا چەندین جار داوایان لێ کردووم پەیوەندی بە پووتینەوە بکەم؟ چونکە وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەوان ناداتەوە."
قسەکانی ترەمپ لە کاتێکدان، 100 رۆژی سەرەتای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا تەواو بوون، بێ ئەوەی بتوانێت بەڵێنی بەرپاکردنی ئاشتی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا بباتەسەر.
لە هەڤپەیڤینەکەدا، ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەگەر لە ساڵی 2021 بە سەرۆک هەڵبژێردرابایەوە، جەنگەکە هەڵنەدەگیرسا. باسی لەوەش کرد، هێشتا دەکرێت ئۆکراینا و رووسیا لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕەکە رێکبکەون، کە لە شوباتی ساڵی 2022 دەستپێکرد. ترەمپ گوتی، "پێم وایە باش لێی نزیکبووینەتەوە."
وێڕای ئەوەی ترەمپ دەڵێت پووتین ئامادە نییە قسە لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان بکات، 15ی تشرینی دووەمی 2024 ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیادا کرد، کە ئەوە یەکەمین پەیوەندی بوو لەدوای دوو ساڵ لەنێوانیاندا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ