رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا مەرجی پێدانی وڵاتینامەی بە کەسانی بیانی قورستر کرد، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت: "وڵاتینامەی فەرەنسا بە کەسێك دەدرێت کە شیاوی بێت".
رۆژی دووشەممە، 5-5-2025، برونۆ روتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بڕیارێكی نوێی لە سەرانسەری وڵاتدا گشتاند و تێیدا رێکار و رێنماییەکانی پێدانی وڵاتینامەی ئەو وڵاتە بە کەسانی بیانی قورستر کرد.
پار وڵاتینامەی فەرەنسی بە 66 هەزار و 745 کەسی بیانی دراوە؛ پێرار 61 هەزار و 205 کەس پێیاندرابوو.
لە کۆی 68 ملیۆن دانیشتووی فەرەنسا حەوت ملیۆنیان بیانین، کە دەکاتە 10.3٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە.
لەو حەوت ملیۆنە 4.1 ملیۆنیان بیانیی نیشتەجێی فەرەنسان، کە بە وڵاتینامەی وڵاتی خۆیانەوە لە فەرەنسا دەژین، هەروەها 2.4 ملیۆنی دیکە هەن کە ئەوانە کەسانی بیانین بە هەر هۆکارێک بێت چوونەتە فەرەنسا و ئێستا وڵاتینامەی ئەو وڵاتەیان هەیە.
روتایۆ رایگەیاند، بۆ وەرگرتنی وڵاتینامەی فەرەنسا دەبێت سێ مەرج لەلایەن کەسانی بیانییەوە بە باشی جێبەجێ بکرێن، ئەوانیش بریتین لە پابەندبوون بە یاسا، فێربوونی زمانی فەرەنسی بە باشی و تێکەڵبوون بە ژیانی کاری فەرەنسا.
روتایۆ لە سەردانێكیدا بۆ ناوچەی کریتای کە دەکەوێتە باشووری پاریسی پایتەخت گوتی، راستە لەوانەیە هەندێ کەس ئەو مەرجانە بە پێشێلکاری یاساکان بزانێت، بەڵام ئەو مەرجانە بەشێکن لە یاساکانی فەرەنسا تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە کە تووندکراون. گوتیشی، وڵاتینامەی فەرەنسا بە کەسێك دەدرێت کە شیاوی بێت، بە کەسێکیش دەدرێت کە لە پلەی یەکەمدا هەست بە ئینتیما بەو وڵاتەی هەبێت.
سەبارەت بە مەرجە نوێیەکان، روتایۆ گوتی: "پابەندبوون بە یاسا پرینسیپێكی سەرەکییە کە دەبێت رێزی لێ بگیرێت" داواشی لە بەرپرسانی وڵات کرد لە پێشینەی یاسایی ئەو بیانییانە بکۆڵنەوە کە داوای وڵاتینامەی فەرەنسایان کردووە.
سەبارەت بە خاڵی دووەم کە بریتییە لە فێربوونی زمانی فەرەنسی بە باشی؛ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختی لە گرنگی زمان، کولتوور و مێژووی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئەوپەڕی گرنگییە کەسانی بیانی زمانی فەرەنسا فێر ببن و بیزانن، زانینی زمان و مێژووی وڵات و پەسندکردنی، لە رادەبەدەر گرنگە".
لەو چوارچێوەیەدا، روتایۆ گوتی: "دەستمان کردووە بە رێکارەکانی تایبەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی تاقیکردنەوەی زارەکی زمانی فەرەنسی و لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاقیکردنەوەی هاووڵاتیبوون جێبەجێ دەکرێت تاوەکو بزانرێت ئەوەی کە دەیەوێت وڵاتینامەی فەرەنسا وەردەگرێت تاوەکو چ ئاستێک شارەزای مێژوو و کولتووری ئەو وڵاتەیە."
سەبارەت بە مەرجی سێیەم کە تێکەڵبوونە بە ژیانی کار، روتایۆ گوتی: "ئەوانەی کە بەرپرسن لە پێدانی وڵاتینامەی فەرەنسا بە داواکاران، لە سەرچاوە و توانا داراییەکانیان دڵنیاببنەوە تاوەکو دواتر نەبنە بار بەسەر سیستمی کۆمەڵایەتیی فەرەنسا"، کە مەبەست لێی هاوکاری دارایی سۆشیالە کە لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا هەیە و دەدرێتە ئەوانەی بێکارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ