پارتەکانی ئەڵمانیا 'رێککەوتنی هاوپەیمانی' بۆ پێکهێنانی حکومەت واژۆ دەکەن

05-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
فرێدریک مێرتز کە لەنێوەڕاستدا وەستاوە رۆژی 6-5-2025 وەکو راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا سوێندی یاسایی دەخوات. وێنە: AFP
فرێدریک مێرتز کە لەنێوەڕاستدا وەستاوە رۆژی 6-5-2025 وەکو راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا سوێندی یاسایی دەخوات. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی پارێزگارانی فرێدریک مێرتز، راوێژکاری دەستنیشانکراوی ئەڵمانیا و سۆسیال دیموکراتە چەپە میانڕۆکان رۆژی دووشەممە بە فەرمی رێککەوتنی هاوپەیمانییەکەیان واژۆکرد بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا پێکبێنن.
 
مێرتزی 69 ساڵ بڕیارە رۆژی سێشەممە وەک راوێژکاری نوێی گەورەترین ئابووریی ئەورووپا سوێندی یاسایی بخوات، بەمەش کۆتایی بە نیو ساڵ ئیفلیجیی سیاسی لە بەرلین دێت.
 
هاوپەیمانیی CDU/CSUی مێرتز و هاوبەشەکانی داهاتوویان، واتە سۆسیال دیموکراتەکان (SPD)، بەڵێنیان داوە ئابوورییە لاوازەکە ببووژێننەوە و سوپا تۆکمە بکەنەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  گومانی خستووەتە سەر داهاتووی پەیوەندییە بەرگری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لای زەریای ئەتڵەسی.
 
مێرتز هەروەها بەڵێنی داوە رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات و نەهێڵێت پارتی دژە کۆچبەریی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)  باڵادەست بێت، کە لە هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی مانگی شوباتدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
 
رۆژی هەینی پارتی AfD لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نێوخۆیی ئەڵمانیاوە وەک پارتێکی "راستڕەوی تووندڕۆ" پۆلێنکرا، هەنگاوێک کە ناکۆکییەکی نوێی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ ورووژاندووە و رۆژی دووشەممە پارتی AfD رێکاری یاسایی دژی گرتەبەر.
 
مێرتز کە خاوەنی پاشخانێکی بەهێزی بازرگانییە، بەڵام ئەزموونی لە سەرکردایەتیکردنی حکومەتدا نییە، لە رێوڕەسمی واژۆکردنەکەی رۆژی دووشەممەدا بەڵێنی "حوکمڕانییەکی بەهێز، بە نەخشە داڕێژراو و جێی متمانە"ی دا.
 
ئەو گوتی: "ئێمە لە سەردەمی گۆڕانکاریی ریشەیی، گۆڕانکاریی گەورە و نادڵنیاییەکی گەورەدا دەژین و هەر لەبەرئەوە دەزانین، کە ئەرکێکی مێژوویی لەسەر سەرشانمانە کە ئەم هاوپەیمانییە بەرەو سەرکەوتن ببەین."
 
راوێژکاری داهاتوو گوتی، حکومەتی ئاییندە "سوورە لەسەر ئەوەی ئەڵمانیا بە چاکسازی و وەبەرهێنان بەرەو پێش ببات" و بەڵێنی دروستکردنی حکومەتێکی دا "کە دەنگی لە ئەورووپا و جیهاندا ببیسترێت".
 
لارس کلینگبایل کە سەر بە SPDیە و بۆ پۆستەکانی جێگری راوێژکار و وەزیری دارایی دەستنیشانکراوە، گوتی: "حکومەتە نوێیەکە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە کاری پێکەوەیی راستەقینە هەیە". گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت ئەڵمانیا بگەڕێنینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە شایەنیەتی، واتە بەرەو پێشەوە."
 
حکومەتی هاوپەیمانیی کۆتاییهاتووی راوێژکار ئۆلاف شۆڵتزی سەر بە SPD، لە 6ی تشرینی دووەمی رابردوو هەڵوەشایەوە.
 
پارتی SPD رازی بووە وەک هاوبەشێکی بچووک لەگەڵ هاوپەیمانیی راستڕۆی میانڕۆی دیموکراتە کرستیانەکانی (CDU) مێرتز و هاوپەیمانە باڤارییەکانیان (CSU) کاربکات.
 
شۆڵتز خۆی بەشێک نابێت لە کابینە نوێیەکە بەڵکو وەک ئەندامێک لە پەرلەمان دەمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا