ترەمپ گەشتی ئەمریکا لەسەر خەڵکی 12 وڵات قەدەخە دەکات

05-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی نوێی سەرۆکایەتی واژۆ کرد کە گەشتکردن بۆ ئەمریکا لەسەر خەڵکی 12 وڵات قەدەخە دەکات و لەنێو لیستی ئەو وڵاتانەدا؛ هەریەک لە ئێران و لیبیا و یەمەنی تێدایە.
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ترەمپ رایگەیاند کە ئەو هەنگاوە پێویست بووە بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان لە "تیرۆریستانی بیانی" و هەڕەشە ئەمنییەکانی دیکە.
 
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی ئیدارەکەی بۆ تووندکردنی رێوشوێنەکانی بەرگرتن بە کۆچ، خەڵکی ئەو 12 وڵاتە ناتوانن ڤیزای ئەمریکا وەربگرن.
 
لە 12 وڵاتەکە، شەشیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقان.
 
بەگوێرەی فەرمانەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەو وڵاتانەی ئەو بڕیارە نوێیەیان بەسەردا سەپێندراوە و هاووڵاتییەکانیان ناتوانن گەشت بۆ ئەمریکا بکەن بریتین لە ئێران، ئەفغانستان، یەمەن، لیبیا، سوودان، سۆماڵ، میانمار، چاد، کۆنگۆ، گینیای ئیستوایی، ئێریتیریا و هایتی.
 
هەروەها وەکو بەشێک لەو بڕیارە، پرۆسەی چوونە ئەمریکاش بۆ هاووڵاتیانی حەوت وڵات سنووردار دەکرێت کە بریتین لە برۆندای، کوبا، لاوس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا.
 
دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، ترەمپ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "رێگە نادەین ئەو کەسانە بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە کە دەیانەوێت زیانمان پێبگەیەنن... لیستەکە رەنگە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و وڵاتی دیکەشی بۆ زیاد بکرێت." 
 
لە سەرەتای دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی، ئیدارەکەی تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران کردووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بڕیاریداوە لەوانە دیپۆرتکردنەوەی بە هەزاران کۆچبەری نایاسایی و دیپۆرتکردنەوەی بە سەتان ڤەنزوێلی بە تۆمەتی ئەوەی ئەندامن لە گرووپە چەتەییەکان، ئەمە جگە لە هەوڵەکانیان بۆ رەتکردنەوەی وەرگرتنی هەندێک خوێندکاری بیانی لە زانکۆکانی ئەمریکا و دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەک خوێندکاری بیانیش.
 
ئەو بڕیارە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ رێککەوتی 9ی حوزەیران دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، لە ساڵی 2018، ترەمپ گەشتکردنی ئەمریکای لەسەر هاووڵاتی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان راگەیاند و هەریەک لە هاووڵاتیانی وڵاتانی ئێران، سووریا، یەمەن، لیبیا، کۆریای باکوور و ڤەنزوێلا بۆیان نەبوو گەشت بە ئەمریکا بکەن و هەرچەندە لە سەرەتای بڕیارەکە، عێراقیشی تێدا بوو، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و عێراق لەو لیستەدا دەرهێندرا. 
 
دواتر لە ساڵی 2021، لە دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیارەکەی رەتکردەوە. 
 
لەدرێژەی پەیامەکەیدا، ترەمپ،رایگەیاند ئەو وڵاتانەی لە بڕیارەکەدا ناویان هاتووە بەر تووندترین سنووردارکردن و رێکاری وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا دەکەون و گوتیشی، "ناتوانین سیاسەتێکی کراوەی تایبەت بە کۆچبەرانمان هەبێت، بەتایبەتی بەرامبەر بەو وڵاتانەی ناتوانین بە شێوەیەکی سەلامەت و متمانەپێکراو وردبینی و پشکنین بۆ زانیارییەکانیان بکەین".
 
ئەو بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ لەداوی رووداوەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ هات، کە تێیدا کەسێک بە مۆلۆتۆڤ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک لە لایەنگرانی ئیسرائیل ژمارەیەکیانی بریندار کرد.
 
هێرشکارەکە هاووڵاتییەکی میسری بوو بە ناوی محەممەد سەبری سلێمان. بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو کە محەممەد ماوەی ڤیزا گەشتیارییەکەی بەسەرچووە لەکاتی هێرشەکەدا و بەنایاسایی لە ئەمریکا ماوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە