رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "زۆر باشی" لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کردووە و تێیدا گفتوگۆیان لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتنی بازرگانی نێوانیان کردووە کە "لەم دواییانەدا کراوە و لەسەری رێککەوتوون."
رۆژی پێنجشەممە 05-06-2025 ترەمپ لە ترووس سۆشیال ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "گفتوگۆمان لەسەر هەندێک لە وردەکارییەکانی رێککەوتنی بازرگانیمان کرد کە لەم دواییانەدا کراوە و لەسەری رێککەوتووین. پەیوەندییەکە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاند و ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی بۆ هەردوو وڵات هەبوو. چیتر نابێت هیچ پرسیارێک لەبارەی ئاڵۆزیی بەرهەمە دەگمەنەکانەوە هەبێت."
بەرهەمە دەگمەنەکان (Rare Earth Elements) ئەو کانزا یان توخمانە دەگرێتەوە کە دۆزینەوەیان قورسە و دەگمەنن، هەروەها بۆ تەکنەلۆژیا و دروستکردنی بەرهەمی کارگە زۆر گرنگن.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "تیمەکانی هەردوولامان بەم زووانە لە شوێنێک کۆدەبنەوە کە دواتر دیاری دەکرێت. ئێمە لەلایەن سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە؛ هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی و جەیمسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نوێنەرایەتیی دەکرێین."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کاتی گفتوگۆکەدا، سەرۆک شی بەڕێزەوە بانگێشتی خانمی یەکەم و منی کرد بۆ سەردانکردنی چین و منیش بە هەمان شێوە بانگێشتم کردنەوە. وەک سەرۆکی دوو نەتەوەی مەزن، ئەمە شتێکە کە هەردووکمان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کردنی دەکەین."
لەبارەی تەوەری سەرەکیی پەیوەندییەکەوە، ترەمپ جەختی کردەوە: "گفتوگۆکە نزیکەی بە تەواوی سەرنجی لەسەر بازرگانی بوو. هیچ باسێک سەبارەت بە رووسیا، ئۆکرانیا یان ئێران نەکرا."
هاوکات، میدیای فەرمیی چین رۆژی پێنجشەممە 05-06-2025 بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. میدیای چینی ئاماژەی بەوە کردووە کە "پەیوەندییەکە لەسەر داوای ترەمپ بووە."
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی حکومەتی چین، شی جینپینگ ئاماژەی بەوەداوە، "بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا، پێویستە ئاراستەکە دیاری بکەین، بەتایبەتی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردان و تەنانەت تێکدانێک."
سەرۆکی چین هەروەها رایگەیاند: "بەپێی پێشنیازی لایەنی ئەمریکی، سەرکردە ئابووری و بازرگانییەکانی هەردوو وڵات لە جنێڤ گفتوگۆیان کرد، کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئابووری و بازرگانییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژەوە. ئەمە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن هەموو کەرتەکانی هەردوو وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی لێکرا، هەروەها سەلماندی کە گفتوگۆ و هاوئاهەنگی تاکە هەڵبژاردەی راستن."
شی جینپینگ جەختی کردەوە: " دەبێت هەردوولا بە باشی میکانیزمی راوێژی ئابووری و بازرگانی بەکاربێنن، پابەندی هەڵوێستێکی هاوسەنگ بن، رێز لە نیگەرانییەکانی یەکدی بگرن و هەوڵی سوودگۆڕینەوە بۆ هەردوولا بدەن. لەم رووەوە، چین راستگۆ و خاوەن بنەمایە. گەلی چین هەمیشە بەڵێنەکانی خۆی بردووەتەسەر و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. مادام رێککەوتنێک کراوە، دەبێت هەردوو لا پابەندی بن. دوای گفتوگۆکانی جنێڤ، چین بە جیدی رێککەوتنەکەی جێبەجێ کرد. ئەمریکا دەبێت بە شێوەیەکی واقیعی سەیری پێشکەوتنەکان بکات و ئەو رێوشوێنە نەرێنییانە بکشێنێتەوە کە دژی چین گیراونەتەبەر."
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی چین، ترەمپ "رێزێکی زۆری بۆ سەرۆک شی جینپینگ دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە پەیوەندی ئەمریکا و چین زۆر گرنگە. ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵخۆشە بەوەی ئابووری چین بەردەوامە لە گەشەکردنی بەهێز. هاوئاهەنگیی ئەمریکا و چین دەتوانێت کاری زۆر باش بکات. ئەمریکا لەسەر سیاسەتی (یەک چین) بەردەوام دەبێت. گفتوگۆ ئابووری و بازرگانییەکانی جنێڤی هەردوو وڵات زۆر سەرکەوتوو بوون و رێککەوتنێکی باش کرا. ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە لەگەڵ چین کار بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشوازی لە خوێندکارە چینییەکان دەکات بۆ خوێندن لە ئەمریکا."
شی جینپینگ پێشوازی لە سەردانی دووبارەی ترەمپ کردووە بۆ چین، و ترەمپ سوپاسگوزاری خۆی دەربڕیوە. هەردوو سەرۆک رێککەوتوون کە تیمەکانی هەردوو لا بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی جنێڤ و لە نزیکترین کاتدا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان بکەن.
گرژییەکانی پێشتر
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە واشنتن و پەکین لە چەندین بواردا، لەوانەش بازرگانی و ڤیزەی خوێندکاران، لە گرژی و ناکۆکیدان.
بەرپرسانی هەردوو وڵات چەند رۆژێک لەمەوبەر یەکدییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە خەریکی تێکدانی رێککەوتنێکی بازرگانیی نێوانیانن کە مانگی پێشوو لە جنێڤ واژۆیان کردبوو.
ترەمپ، کە چەند رۆژێکە بە نوێکردنەوەی پرسی پێناسە گومرگییەکان بۆرسە و بازاڕەکانی خستووەتە دڵەڕاوکێوە، رۆژێک پێشتر رایگەیاند، چین "بە تەواوی پێشێلکاریی رێککەوتنی کەمکردنەوەی گرژییەکانی کردووە."
چین و ئەمریکا لە جنێڤ مانگی پێشوو رێککەوتن لەسەر ئەوەی پێناسە گومرگییەکانی سەر یەکدی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵبگرن.
وەزارەتی بازرگانیی چین لەم هەفتەیەدا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ هەنگاوی جیاکارییان بەرامبەر چین گرتووەتەبەر، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی خوێندکارە چینییەکان لە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ