رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بۆ قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵات دەرکرد و دەڵێت، "چارەیانمان ناوێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، پێنجی حوزەیرانی 2025، فەرمانەکەی واژۆکرد. ئەو بڕیارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندانێکی جووەکان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ گەڕاندەوە، کە تۆمەتەکە خرابوویە پاڵ کۆچبەرێکی نایاسایی.
قەدەخەکردنەکە هەر یەک لە وڵاتانی ئێران، لیبیا، سۆماڵیا، سوودان، یەمەن، هایتی، کۆماری کۆنگۆ، چاد، گوینیا، ئیریتریا و بۆرما دەگرێتەوە.
دانیشتووانی ئەو وڵاتانە رێگەیان پێنادرێت بچنە نێو ئەمریکا. تەنیا ئەوانە نەبێت کە خاوەنی پاسپۆرت یان کارتی سەوزی ئەمریکان، یاخود ئەوانەی کە خاوەنی رەگەزنامەی وڵاتێک کە لە لیستەکەدا نین.
کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، "هێرشەکەی ئەم دواییانەی شاری بۆدڵەری کۆلۆرادۆ، ئەو مەترسییە زۆرەی هاتنی بیانییەکانی بۆ نێو وڵاتەکەمان ئاشکرا کرد."
"چارەیانمان ناوێت"
دۆناڵد ترەمپ بڕیارەکەی ئەمجارەی بەراورد دەکات بە بڕیارە "بەهێزەکە"ـی خولی پێشووتری سەرۆکایەتی کە گەشتی هەندێک وڵاتی موسڵمانی بۆ وڵاتەکەی قەدەخە کرد.
ترەمپ دەڵێت، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی رێگەی لەوە گرتووە ئەوەی بەسەر ئەورووپا هاتووە بەسەر ئەوانیش بێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "رێگە نادەین، ئەوەی بەسەر ئەورووپا هات، بەسەر ئەوانیش بێت."
جگە لە 12 وڵاتەکەی قەدەخەی گەشتکردن بەسەر هاووڵاتییاندا سەپێندراوە، حەوت وڵاتی دیکەش هەن کە هاووڵاتییانیان رووبەڕووی سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا دەبنەوە.
ئەو وڵاتانەی دیکە بریتین لە: بوروندی ،کوبا، لاوس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان، ڤەنزوێلا.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر بەرەپێشچوون رووبدات"، دەکرێت پێداچوونەوە بە لیستەکەدا بکرێت و لە ئەگەری زیادبوونی هەڕەشەکانیش، ژمارەی وڵاتانی نێو لیستەکە زیاد دەکرێن.
هۆکاری بڕیارەکە چییە؟
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەم "سنووردارکردنە لۆژیکییانە ئەمریکییەکان لە ئەکتەرە بیانییە مەترسیدارەکان دەپارێزن".
بڕیارەکە دوای رووداوەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ هات، کە تێیدا کەسێک بە مۆلۆتۆڤ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک لە لایەنگرانی ئیسرائیل ژمارەیەکیانی بریندار کرد.
هێرشکارەکە کەسێکی میسری بووە و ناوی محەممەد سەبری سلێمان بووە، بەڵام میسر لە لیستی وڵاتە قەدەخەکراوەکاندا نییە.
ترەمپ پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر هەیە، کە پێشتر لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بە "دیکتاتۆرە دڵخوازەکە"ـی وەسف کرابوو.
لەنێو 19 وڵاتی لیستەکەدا دوو وڵات بە پشتیوانیکردنی تیرۆر ناسێندراوەن ئەوانیش ئێران کە قەدەخەی تەواوەتی خراوەتە سەر و کوباش کە قەدەخەی سنوورداری بەسەردا سەپێندراوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرێک لەم وڵاتانەی لە لیستەکەدا ئاماژەیان پێکراوە "مێژوویەکیان هەیە لە شکستخواردن لە وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەیان کە دەبێت لە ئەمریکا دەربکرێن"، هەروەها لە رێگەی سیستەمی ڤیزەوە "سوودیان لە ئەمریکا وەرگرتووە."
کێن ئەوانەی بڕیارەکە نایانگرێتەوە؟
بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی کە ئەمریکا دەریکردووە، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەی کە لە لیستەکەدا هاتوون دەتوانن بە چەند مەرجێک سەردانی ئەمریکا بکەن.
ئەو کەسانەی کە وەرزشوانن دەتوانن بۆ بۆنە وەرزشییە گەورەکانی وەکو جامی جیهانی لە ساڵی 2026 و ئۆڵۆمپی لە ساڵی 2028 سەردانی ئەمریکا بکەن.
ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەشی کە "هەڵگری ڤیزەی کۆچبەرین و سەر بە کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێرانن کە رووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە دەبنەوە" دەتوانن سەردانی ئەمریکا بکەن.
بەشێک لە ئەفغانییەکانیش دەتوانن سەردانی وڵاتەکە بکە، ئەوانیش ئەوانەن کە هەڵگری ڤیزەی تایبەتی ئەمریکان یان هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەن کە لە لیستی قەدەخەکراوەکانیدا نین، دەتوانن بچنە ئەمریکا.
کاردانەوەکان چی بوون؟
بڕیارەکەی ترەمپ کە چاوەڕوان دەکرێت رووبەڕووی بەربەست و ئاڵنگاری یاسایی ببێتەوە، کاردانەوەی خێرای لەنێوخۆ و لەدەرەوەی ئەمریکاش لێکەوتەوە.
بەرپرسانی سۆماڵ هەر زوو بەڵێنیادا کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەکە چارەسەر بکەن.
زاهیر حەسەن عەبدی، باڵیۆزی سۆماڵ لە ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، وڵاتەکەی پەیوەندییە دێرینەکەی لەگەڵ ئەمریکا بەرز دەنرخێنێت."
دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا، هۆشداریدا لەوەی "چوونە نێو ئەمریکا نەک تەنیا بۆ ڤەنزوێلییەکان، بەڵکو بۆ هەموو کەسێک مەترسییەکی گەورەیە."
دیموکراتەکان بە خێرایی سەرکۆنەی هەنگاوەکەیان کرد. پرامیلا جایپاڵ، ئەندامی کۆنگرێسی دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند،"ئەم قەدەخەیە، کە فراوانکردنی ئەو قەدەخەیە کە ترەمپ لە خولی یەکەمدا خستیە سەر موسڵمانان، زیاتر ئێمە لەسەر شانۆی جیهان دادەبڕێت."
گرووپەکانی مافی مرۆڤیش رەخنەیان لە قەدەخەکە گرت و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بڕیارەکەی بە "جیاکارانە، رەگەزپەرستانە و تاوەکو بڵێی دڵڕەقانە" ناوبرد و رێکخراوی Human Rights First کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە بڕیارەکەی بە "کردەوەیەکی دیکەی دژە کۆچبەران" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ