ماکرۆن هەڕەشەی داخستنی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکات

05-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێڵ ماکرۆن رایگەیاند کە لە ئەگەری پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەی، پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا لە وڵاتەکەی دادەخات. 

رۆژی سێشەممە، 4ـی تەممووزی 2023، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەی راگەیاند کە ئەگەر دۆخی وڵاتەکەی بەرەوخراپتر بڕوات، ئەوا بیر لە داخستنی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکەنەوە و گوتی: "ئێمە پێویستە بیر لە پرسی سۆشیاڵ میدیا و قەدەخەکردنی بکەینەوە؛ ئەگەر دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات، رەنگە پێویست بکات سۆشیاڵ میدیا دابخەین." 
 
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنسا ئەو کەسانە دیاریدەکەن کە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەیانەوێت دۆخی وڵاتەکەی تێکبدەن و پەرە بە ئاڵۆزییەکان بدەن. 
 
دوای گوتەکانی ماکرۆن، چیرارد دارمانین، وەزیری ناوخۆ فەرەنسا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی فەرەنسا کۆبووەوە و داوای کرد کە دەبێت پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا زانیاری لەسەر ئەو کەسانە بە حکومەتی فەرەنسا بدەن کە لە هاندانی خەڵک بۆ پشێوینی نانەوە تێوەگلاون. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەکە شەوانە تووندوتیژی و تاڵان بەشێک لە شارەکانی فەرەنسای گرتووەتەوە، ئەوەش دوای کوژرانی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیری بە ناوی نائیل لەلایەن پۆلیسەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، کە بووەتە هۆی نوێبوونەوەی تۆمەتی نەژادپەرستی و جیاکاری دژی هێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، زیاتر لە 45 هەزار پۆلیسیان رەوانەی شەقامەکان کراون بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و 2000 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون و خۆپێشاندەران چەندین ئۆتۆمبێل، دووکان، بازاڕ، قوتابخانە، فەرمانگەی حکومی و بنکەی پۆلیسیان سووتاندووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە