رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا 206 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە و رێژەی بێکاریش 4.1%ـە.
رۆژی هەینی 05-07-2024 وەزارەتی کاری ئەمریکا راپۆرتی هەلی کاری مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە مانگی حوزەیرانی 2024 لە ئەمریکا لانیکەم 206 هەزار هەلی کار رەخسێندراون، لە کاتێکدا لە مانگی ئایار ژمارەکە 218 هەزار هەلی کار بووە."
وەزارەتی کاری ئەمریکا هەروەها بڵاویکردووەتەوە، "بێکاری لە ئەمریکا لە 4%ـەوە بۆ 4.1% بەرزبووەتەوە."
لەبارەی شایستەی داراییەوە وەزارەتەکە رایگەیاندووە، "گەشەی حەقدەست و مووچە 0.3% زیادی کردووە و ئەو حەقدەستەی لە بەرامبەر هەر کاژێرێکی کارکردن دراوە 3.9% بەراورد بە ئایاری پار زیادی کردووە."
لە کانوونی دووەمی 2024ەوە تاوەکو حوزەیران، زۆرترین هەلی کار لە مانگی ئادار بوو کە 310 هەزار بوو؛ کەمترین رەخساندنی هەلی کاریش لە مانگی نیسان بووە، کە 165 هەزار بوو.
هەرچی لەبارەی بێکارییە، لە مانگی یەکی 2021 تاوەکو مانگی شەشی ئەم ساڵ، زۆرترین رێژەی بێکاری لە کانوونی دووەمی 2021 بوو کە 6.3% بوو، کەمترین بێکاریش لە مانگی نیسانی 2023 تۆمارکرا کە 3.4% بوو.
لە ئاداری پارەوە، بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرز کردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50%یە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ