ئەڵمانیا؛ سۆریاز یوسف بووەتە کەسایەتییەکی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

05-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
سۆریاز یوسف
سۆریاز یوسف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سۆریاز یوسف خەڵکی دێركا حەمکۆی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ئێستا لە ئەڵمانیا بووەتە ناوێکی ناسراو. ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرووی 300 هەزار شۆپێنەری هەیە، هانی کچان و گەنجانی دیاسپۆرانشین دەدات لەو کۆمەڵگەیانەی تێیاندا دەژین، چالاکتر بن و باشتر کار بکەن.
 
سۆریاز یوسف، کاریگەریدانەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان میوانی دیاسپۆرا بوو، ئەو کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی دێرکا حەمکۆیە لە رۆژئاوای کوردستان و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، توانیویەتی ببێتە یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پەیامێکی روونی هەیە بۆ هاندانی گەنجان و ژنانی کورد بەرەو گرنگیدان بە خوێندن و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
 
سۆریاز کە لە ساڵی 2013وە وڵاتی ئەڵمانیای بۆ ژیان هەڵبژاردووە، ئێستا خوێندکاری قۆناخی کۆتاییە لە بەشی پزیشکیی ددان لە یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی ئەڵمانیا، کە زانکۆی شاریتێ (Charité) لە بەرلینی پایتەخت. ئەو هاوکات لەگەڵ خوێندنە قورسەکەیدا، کاتێکی زۆری بۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سۆشیاڵمیدیا تەرخان کردووە و بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەزاران گەنج.
 
ئامانجی سەرەکیی سۆریاز لەم کارەیدا، وەکو خۆی باسی دەکات، بریتییە لە هاندانی گەنجان و ژنانی کورد بۆئەوەی خوێندن و زانست بکەنە بنەمای ژیانیان، ئەو دەیەوێت ئەو بۆچوونە بگۆڕێت کە خوێندن تەنیا ئەرکێکی ناخۆشە، بەڵکو بیکاتە کولتوورێکی شیرین و پڕ لە هیوا.
 
کاریگەریی پەیامەکانی سۆریاز لە قسەی شوێنکەوتووانیدا بە روونی دەردەکەوێت، ئەو دەڵێت، "زۆر کەس هاتوونەتە لام و پێیان گوتووم کە پێشتر حەزیان لە خوێندن نەبووە، بەڵام کاتێک گوێ لە قسەکانت دەگرین و پۆستەکانت دەبینین، خوێندن لەلامان شیرین دەبێت و هەست دەکەین وزەیەکی نوێمان وەرگرتووە. ئەم جۆرە پەیامانە من زۆر دڵخۆش دەکەن و هانم دەدەن بەردەوام بم."
 
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەوڵە سنوورە تاکەکەسییەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە پەیامێک بۆ هەموو ژنانی کورد، بەتایبەتی نەوەی نوێ و لاوان، سۆریاز هیواخوازە ببێتە "دەنگ و رەنگێک" کە ئیلهامبەخش بێت و نموونەیەک پیشان بدات کە ژنی کورد دەتوانێت لە هەموو بوارێکدا، چ لە بواری ئەکادیمی و چ لە بواری کاریگەریی کۆمەڵایەتیدا، سەرکەوتوو بێت.
 
بەم شێوەیە، چیرۆکی سۆریاز  یوسف نموونەیەکی دیاری گەنجێکی سەرکەوتووی کوردە کە نەک تەنیا لە بواری خوێندنی خۆیدا هەوڵدەدات، بەڵکو تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بۆ ئامانجێکی باڵا و خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەی بەکاردەهێنێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە گەنجان پێویستییان بە هاندەر و نموونەی زیندووی سەرکەوتن هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە