ترەمپ دەڵێت، سعودییەکان پیرۆزبایی هێرشەکانی سەر ئێرانیان لێ کردووە

05-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەبۆنەی هێرشکردنە سەر ئێران، سعودییەکان دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێ کردووە. 
 
رۆژی هەینی، ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ شازادە خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە کۆبووەوە. بڕیاربوو کۆبوونەوەکە و نێوەڕۆکەکەی بە نهێنی بهێڵدرێنەوە و تەنیا سەرچاوەی ناونەهێندراو و نادیار بۆ میدیای ئەمریکییان پشتڕاستکردەوە کە کۆبوونەوەکە کراوە. 
 
بەڵام ترەمپ درەنگانی شەوی هەینی لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەو بارەوە قسەی کرد. 
 
ترەمپ گوتی، وەزیری بەرگریی سعودیە بە نوێنەرایەتیی شا سەلمان و شازادە محەممەد بن سەلمانی جێنشێن چووەتە کۆشکی سپی بۆ ئەوەی بەبۆنەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیامی پیرۆزبایی سعودیە بە سەرۆکی ئەمریکا بگەیێنێت. 
 
ترەمپ گوتی: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو لەگەڵ کەسێکی زۆر باش. ئەو بە نوێنەرایەتیی شا هاتبوو و هەندێ پەیامی شا و شازادەی جێنشینی پێ بوو. ئەوانە خەڵکی مەزنن. ئەوان پیرۆزباییان لە ئێمە کرد بە بۆنەی هێرشە سەرسوڕهێنەرەکانی ئێمە بۆسەر ئێران."
 
رۆژی 22ی حوزەیران، چەند کاژێرێک دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە "نیگەرانی"ی خۆی دەربڕی و گوتی: "سەرکۆنەی پێشێلکردنی سەروەریی کۆماری ئیسلامی ئێران" دەکات.
 
بەڵام ترەمپ دەڵێت، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی سعودیە "زیاتر بۆ پیرۆزباییکردن بوو" بەبۆنەی ئەو هێرشانەوە. 
 
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان کە بە گوتەی ترەمپ بوونەهۆی "سڕینەوەی تەواوەتیی" بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران هێرشی کتوپڕی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. ئێران بە هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو تۆڵەی کردەوە. 
 
دوای کوژرانی زیاتر لە 900 کەس لە ئێران، لە نێویاندا دەیان بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمیی ئێران و کوژرانی 29 کەس لە ئیسرائیل، 25ی حوزەیران بە نێوەندگیریی ئەمریکا جەنگەکە وەستێنرا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا