رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی دوو رێککەوتنی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی و دانیمارکی واژۆکرد. دەشڵێت، ئامانج لەو رێککەوتنانە زیادکردنی توانای سوپاکەیەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.
رۆژی شەممە، 5ی تەممووزی 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "پێویستە پارێزبەندی زیاتر بۆ پاراستنی ژیان (ـی ئۆکراینەکان) هەبێت". دەشڵێت، لەو چوارچێوەیەدا "بەرهەمهێنانی چەکی دوورمەودا لەگەڵ هاوبەشانمان زیاد دەکەین بۆ کەمکردنەوەی کوشتنی خەڵک لەلایەن رووسیا و رێگری لە درۆنەکانیان".
سەرۆکی ئۆکراینا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم هەفتەیە رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ بەرهەمهێنانی درۆن و رێککەوتنێکی دیکەمان لەگەڵ دانیمارک بۆ بەرهەمهێنانی چەک بە هاوبەشی بۆ ئۆکراینا لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکەمان کرد".
شوباتی 2022، رووسیا دەستی بە هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکراینا کرد و دواتر ئەویش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان کە حوزەیرانی ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە 13 هەزار و 134 ئۆکراینی کوژراون.
لە نووسینەکەی زیلینسکی دا هاتووە، "سوپاسگوزارین کە هەموان پاڵپشتی لە وڵاتەکەمان و خەڵکەکەمان دەکەن، پاڵپشتی لە ژێرخانی پیشەسازی سەربازی ئۆکراینا و بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی دەکەن".
بەگوێرەی بەرپرسانی کیێڤ، تەنیا هەفتەی رابردوود رووسیا بە 114 مووشەک، هەزار و 270 درۆن و زیاتر لە هەزار و 100 تۆپ هێرشیکردووەتە سەر وڵاتەکەیان. زۆرینەی هێرشەکانیشیان بۆ سەر بەرەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوون.
بە گوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگی ئەمریکی، ئێستا رووسیا 113 هەزار و 535 کیلۆمەتر دووجا خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە، کە 350 کیلۆمەتر دووجای لە مانگی رابردوو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ