چین هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە 'نموونەیەکی نەرێنی' دادەنێت

05-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی چین رەخنەی لە ئەمریکا گرت بەهۆی "لۆژیکی سیاسەتی هێز" و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، ئەم کارە "نموونەیەکی نەرێنی" دروستکردووە.
 
وانگ یی، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی چینە، ئەم لێدوانەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ژان نۆێل بارۆ، هاوتا فەرەنسییەکەی لە پاریس دا.
 
کاتێک پرسیاری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێکرا، وانگ گوتی، ئەمریکا بە بۆردوومانکردنی ئاشکرای دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتێکی سەروەر، "نموونەیەکی نەرێنی دروستکردووە و پێویستە ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دووبارە نەبنەوە."
 
وانگ گوتی: "رێگەی ئاشتی لە پێشمانە و مێژوو دڵسۆزیی هەموو لایەنەکان تاقی دەکاتەوە. ناکۆکییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران نابێت دووبارە ببنەوە."
 
ئەو هۆشداریی دا، ئەگەر کردارێکی لەم شێوەیە ببێتە هۆی کارەساتێکی ئەتۆمی، هەموو جیهان باجەکەی دەدات.
 
وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەشکرد، بانگەشەی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" لەسەر بنەمای لۆژیکی سیاسەتی هێزە و پرسیاری ئەوەی کرد ئەگەر تەنیا هێز راستی و هەڵە دیاری بکات، ئەی چی بەسەر یاسا و دادپەروەریدا دێت.
 
وانگ گوتیشی: "هێز ناتوانێت ئاشتیی راستەقینە بهێنێت، بەڵکو رەنگە سندووقی پاندۆرا بکاتەوە."
 
سندووقی پاندۆرا ئاماژەیەکی کولتووریی رۆژئاواییە و بە مانای، "کردنەوەی دەرگەیەک بە ڕووی زنجیرەیەک کێشە و کارەساتی چاوەڕواننەکراو و نەبڕاوەدا" دێت.
 
هەروەها پرسی: "چۆن وڵاتانی لاواز، بەتایبەتی وڵاتانی بچووک و مامناوەند، دەتوانن بژین؟ ئایا دەبێت لەسەر مێزەکە دابنرێن و چارەنووسیان بە دەستی ئەوانی دیکەوە بێت؟"
 
وانگ جەختی کردەوە، چارەسەری راستەقینەی پرسی ئەتۆمیی ئێران ناتوانێت خۆی لە کرۆکی کێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدزێتەوە، کە ئەویش پرسی فەلەستینە و گوتی، نابێت چیدیکە کارەساتی مرۆیی لە غەززە بەردەوام بێت.
 
وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، "نابێت جارێکی دیکە پرسی فەلەستین پەراوێز بخرێت، دەبێت خواستە رەواکانی گەلی عەرەب بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن و گوێ لە دەنگی دادپەروەرانەی جیهانی ئیسلامی بگیرێت."
 
لە کۆتاییدا گوتی، "چارەسەری دوو دەوڵەت" تاکە رێگەی واقیعییە بۆ شکاندنی بازنەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی کرداری و کاریگەرتری بۆ پێشخستنی بنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە