رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان چین و ئەورووپا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی چین بە بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپای راگەیاندووە، پەکین ناتوانێت قبووڵی بکات رووسیا لە جەنگی دژی ئۆکراینادا بدۆڕێت، "چونکە ئەمە رێگە بە ئەمریکا دەدات تەواوی سەرنجی بخاتە سەر چین." ئەم لێدوانە پێچەوانەی هەڵوێستی راگەیێنراوی پەکینە کە بانگەشەی بێلایەنی لە ململانێکەدا دەکات.
ئەم دانپێدانانە لە کۆبوونەوەیەکی 4 کاژێریدا بووە لە نێوان وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و کایا کالاس، بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بروکسل.
بە گوتەی بەرپرسە ناونەهێنراوەکە، کۆبوونەوەکە "قسەی تووند بەڵام رێزدارانەی لەخۆگرت، چەندین بابەتی فراوانی وەک ئاسایشی ئەلیکترۆنی، کانزای دەگمەن، نایەکسانیی بازرگانی، تایوان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەنگەشەکران."
بەرپرسەکە گوتی، لێدوانە تایبەتەکانی وانگ ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە پەکین "خوازیاری جەنگێکی درێژخایەن بێت لە ئۆکراینا، بۆ ئەوەی ئەمریکا سەرقاڵ بێت و سەرنجی لەسەر کێبڕکێی لەگەڵ چین نەمێنێت."
رۆژی هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو گفتوگۆیەوە، هەڵوێستە دێرینەکەی بەیجینگی لەبارەی جەنگە سێ ساڵییەکەوە دووپاتکردەوە و گوتی: "چین هیچ لایەنگیرییەک ناکات. هەڵوێستی چین لەسەر قەیرانی ئۆکراینا بابەتی و نەگۆڕە، کە بریتییە لە دانوستاندن، ئاگربەست و ئاشتی. درێژبوونەوەی قەیرانی ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە."
لێدوانە ئاشکراکانی چین لەبارەی جەنگی ئۆکرایناوە، وێنەیەکی ئاڵۆزتر دەشارنەوە. تەنیا چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی رووسیا هێرشە فراوانەکەی دەستپێبکات؛ شی جینپینگ، سەرۆکی چین هاوبەشییەکی "بێ سنوور"ـی لەگەڵ مۆسکۆ راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان پتەوتر بووە.
چین ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە گوایە پشتیوانیی پێشکێشی رووسیا دەکات. بەهۆی دابینکردنی درۆن و تەکنەلۆژیا بۆ رووسیا کە لە بەرهەمهێنانی مووشەکدا بەکاردەهێنرێن، ئۆکراینا سزای بەسەر چەندین کۆمپانیای چینیدا سەپاندووە.
دوای هێرشێکی بێوێنە بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا لە رۆژی هەینیدا، ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، وێنەی پاشماوەی درۆنێکی جەنگیی جۆری جێران-2ـی بڵاوکردەوە کە لەلایەن رووسیاوە هەڵدرابوو. یەکێک لە وێنەکان پارچەیەکی لاشەی درۆنەکەی پیشان دەدا کە لەسەری نووسرابوو ئەم ئامێرە لە 20ـی حوزەیراندا لە چین دروستکراوە.
سیبیها گوتیشی: "باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە ئۆدیسا بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە زیانی بچووکی بەرکەوتووە. هیچ نموونەیەک لەوە باشتر نییە کە چۆن پووتین لە پەرەپێدانی جەنگ و تیرۆرەکەی بەردەوامە و ئەوانی دیکەش تێوەدەگلێنێت، لەوانەش هێزەکانی کۆریای باکوور، چەکی ئێرانی و هەندێک بەرهەمهێنەری چینی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ