رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا تەنیا دەیەوێت "بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک" و ئاماژەی بەوە کرد کە سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ گەورەترین هێرشی درۆنی و مووشەکی لە مێژووی سێ ساڵەی جەنگەکەدا کردە سەر ئۆکراینا.
ترەمپ رۆژی هەینی گوتی، "زۆر ناڕازییە" لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتیشی، "ئەو دەیەوێت تاوەکو کۆتایی بڕوات، تەنیا بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک، ئەوە باش نییە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو و پووتین "زۆر" باسی سزاکانیان کردووە و گوتیشی، "ئەو تێدەگات کە رەنگە" سزای بەسەردا بسەپێندرێت.
بۆردوومانە چەند کاژێرییەکانی رووسیا، ئۆکراینییەکانی ناچارکرد لە سەرتاسەری وڵات روو لە پەناگەکان بکەن. هێرشەکە دوای پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و پووتین هات کە بێ هیچ پێشکەوتنێک کۆتایی هات.
لە کیێڤی پایتەخت دەنگی درۆن و بە درێژاییی شەو دەنگی تەقینەوە دەبیسترا، لە کاتێکدا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا بەرپەرچی هێرشەکەیان دەدایەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی هەینی قسەی لەگەڵ ترەمپ کرد و رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر کارکردن بۆ بەهێزکردنی سیستمە بەرگرییەکانی کیێڤ.
زیلینسکی دوای پەیوەندییەکە لە سۆشیاڵ میدیا نووسی، "باسی دەرفەتەکانمان لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا کرد و رێککەوتین کە پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی پاراستنی ئاسمانەکەمان."
تیمور، دانیشتوویەکی کیێڤە کە رایگەیاند پێشتریش هێرشی رووسیای بینیوە و گوتی، هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی هەستێکی جیاوازتری هەبوو.
'هیچ شتێکی لەم شێوەیە رووینەداوە'
تیمور گوتی، "هیچ کاتێک هێرشێکی لەم شێوەیە رووینەداوە. هەرگیز ئەوەندە تەقینەوە لە یەک کاتدا نەبووە."
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رۆژی هەینی رایگەیاند، "پەسەندترە" کە ئامانجەکانی لەشکرکێشییەکەی لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەدیبهێنێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین گوتی، "بەڵام تاوەکو ئەوە بەدی نەیەت، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە."
بەرپرسێکی ئۆکراینی رایگەیاند، بەهۆی هێرشی درۆنی و تۆپبارانی رووسیا لە شەوی هەینی بۆ شەممە، لانیکەم سێ کەس لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بریندار بوون.
زیلینیسکی رۆژی هەینی گوتی، لە کاتێکدا پەیوەندییەکەی ترەمپ و پووتین دەستیپێکردبوو، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا لێدرا.
سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە ئەمریکا کرد بەتایبەتی گوشارەکانی لەسەر مۆسکۆ زیاد بکات.
رۆژی هەینی رووسیا رایگەیاند، پێشڕەویی کردووە و گوندێک لە هەرێمی دۆنێتسک کۆنترۆڵ کردووە.
پۆڵەندا رایگەیاند، باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤ لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کارمەندەکانی سەلامەتن.
بەگوێرەی فریاکەوتنی ئۆکراینا، لە کیێڤ یەک کەس بە برینداری لەژێر داروپەردوودا دەرهێنراوە. هەر لەو شارەدا 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، هێرشەکە بە 539 درۆن و 11 مووشەک کراوە.
بەرپرسێکی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هێرشەکە گەورەترین هێرش بووە لەوەتەی لەشکرکێشییەکەی رووسیا دەستیپێکردووە.
زیادبوونی هێرشەکان بە شەو
لەم هەفتانەی دواییدا، رووسیا لە شەواندا هێرشەکانی زیاد کردووە.
مۆسکۆ لە مانگی حوزەیراندا ژمارەیەکی پێوانەیی درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە گفتوگۆ راستەوخۆکانی ئاشتی لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆدا وەستان.
لە کیێڤ، دەیان دانیشتووی شارەکە پەنایان بردە بەر وێستگەیەکی میترۆ.
یولیا گۆلۆڤنینا هاووڵاتییەکە و گوتی، بەردەوام لە میترۆکەدا خۆی حەشاردەدات و باسی لەو نیگەرانییە کرد کە لە کاتی بیستنی تەقینەوەیەکدا تووشی دەبێت.
ئەو ژنە 47 ساڵانە گوتی: "ئایا یەکێکی دیکە روودەدات؟ ئایا شتێک بەسەرتدا دەڕووخێت؟ لەو چرکە ساتانەدا، تەنیا هەناسەت رادەگریت و چاوەڕێ دەکەیت بزانین دواتر چی روودەدات."
لە کیێڤ، نیگەرانییەکان لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی هاوکاریی سەربازی یان نا، زیادیان کردووە، کە کلیلی توانای ئۆکراینایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان.
ئەمریکا هەفتەی رابردوو کەمکردنەوەی بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتەکە راگەیاند.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە یەکێتیی ئەورووپای خاوەن 27 ئەندام پێویستە "هەنگاوی زیاتر بنێت."
ئۆکرایناش هێرشەکانی بۆ سەر رووسیا زیاد کردووە. پارێزگاری کاربەڕێکەری هەرێمی رۆستۆڤی رووسی رایگەیاند، ژنێک بەهۆی هێرشێکی درۆنی ئۆکرایناوە لە شەودا کوژراوە.
گفتوگۆکان کە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەست سەرپەرشتی دەکرێن، ئەنجامی باشیان بۆ راگرتنی جەنگەکە بەدەست نەهێناوە.
شاندی هەردوو وڵات زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر کۆبوونەوە، کاتێک لەسەر گۆڕینەوەی هەزار دیلی جەنگ لە هەر لایەک رێککەوتن.
رووسیا رۆژی هەینی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، دیلۆگۆڕکێیەکی نوێی لەگەڵ ئۆکراینا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ